انتقل إلى المحتوى
krd24.netkrd24.net

حووسییەکانی یەمەن سعوودییەیان کردە ئامانج

حووسییەکانی یەمەن سعوودییەیان کردە ئامانج
سیاسی
رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سعوودییە حووسییەکان

گوتەبێژی  حووسییەکانی یەمەن رایگەیاند، بە دەیان مووشەکی بالیستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشێکی فراوانیان کردووەتە سەر بنکەی ئاسمانیی شا خالید لە سعوودییە و جەختیش دەکاتەوە هێرشەکانیان بۆ قووڵایی ئەو وڵاتە بەردەوام دەبن.

یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکانی یەمەن، لە پەیامێکدا رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی فراوان و جۆرییان کردووە و تێیدا دامەزراوە و ژێرخانە سەربازییەکانی بنکەی ئاسمانیی شا خالیدی سعوودییەیان لە شاری "خەمیس مشێت"کردووەتە ئامانج. ئاماژەی بەوەش دا، هێرشەکە گەراجی فڕۆکە جەنگییەکان، رادارەکان، فڕگەکان و کۆگاکانی چەک و تەقەمەنی گرتووەتەوە و زیانێکی گەورەی بە بنکەکە گەیاندووە.

یەحیا سەریع روونیکردەوە، هێرشەکە بە دەیان مووشەکی بالیستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کراوە و ئامانجەکانی بە وردی و راستەوخۆ پێکاوە. باسی لەوەش کردووە، ئۆپەراسیۆنەکە وەک کاردانەوەیەک بوو بۆ ئەو هێرشە ناڕەوایانەی سعوودییە دەیکاتە سەر وڵات و گەلەکەیان، بەتایبەتی لە وەڵامی ئەو گرژییانەی لە ماوەی پێنج رۆژی رابردوودا بە ئەنجامدانی زیاتر لە 300 هێرشی ئاسمانی دروستی کردووە. لەو هێرشانەدا سعوودییە فڕۆکەی جەنگیی جۆری ئێف 15 و تایفۆنی بەکارهێناوە و زۆربەی پارێزگاکانی یەمەنی کردووەتە ئامانج، ئەو فڕۆکانەش لە بنکەکانی خەمیس مشێت و تائیفەوە هەڵفڕیون.

گوتەبێژی حووسییەکان گوتی، "هێزە چەکدارەکانمان لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان بەرەو قووڵایی سعوودییە بەردەوام دەبن تاوەکوو هێرشە ستەمکارانەکانی بۆ سەر گەلەکەمان بەردەوام بێت، هەر پەلامارێکی نوێش بە پشتیوانیی ئەڵڵا بە ئۆپەراسیۆنی فراوانتر و توندتر وەڵام دەدرێتەوە". 

لە کۆتاییدا جەختی کردەوە، بەردەوام دەبن لە سەپاندنی هاوکێشەی گەمارۆ بەرانبەر گەمارۆ و گرژی بەرانبەر گرژی، هەروەها بەئامانجگرتنی کۆبوونەوەکانی هێزەکانی سعوودییە بەردەوام دەبێت تاوەکوو هێرشەکان دەوەستن و گەمارۆی سەر وڵاتەکەیان کۆتایی دێت.

ململانێی نێوان حووسییەکانی یەمەن و هاوپەیمانیی عەرەبی بە سەرۆکایەتیی سعوودییە، یەکێکە لە درێژخایەنترین قەیرانەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لە ساڵی 2015ـەوە دەستی پێکردووە. 

بنکەی ئاسمانیی شا خالید لە شاری خەمیس مشێت لە باشووری سعوودییە، بە یەکێک لە گرنگترین و گەورەترین بنکە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە دادەنرێت. ئەم بنکەیە خاڵی سەرەکیی هەڵفڕینی فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانانە بۆ ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر پێگەکانی حووسییەکان لە نێو خاکی یەمەندا.

بەهۆی پێگەی ستراتیژیی ئەم بنکەیەوە، چەکدارانی حووسییەکان بەردەوام لەرێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو و مووشەکی بالیستییەوە هەوڵی بەئامانجگرتنی دەدەن. لە ماوەی ساڵانی رابردوودا بە دەیان جار ئەم ناوچەیە بووەتە ئامانجی پەلامارەکان. ئامانجی سەرەکیی حووسییەکانیش لەم جۆرە هێرشانە، دروستکردنی فشارە لەسەر سعوودییە بۆ وەستاندنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی و هەڵگرتنی ئەو گەمارۆ ئابووری و ئاسمانییەی خراوەتە سەر یەمەن. 

 
 
 
دیجیتاڵ میدیا ,
المصدر: krd24.netعبر: كوردستان 24

أخبار ذات صلة