انتقل إلى المحتوى
krd24.netkrd24.net

سوپای یەمەن چەند ناوچەیەکی ستراتیژی لە تەعز کۆنترۆڵ کردەوە

سوپای یەمەن چەند ناوچەیەکی ستراتیژی لە تەعز کۆنترۆڵ کردەوە
سیاسی
رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

سوپای یەمەن کە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە دانی پێدانراوە، رایگەیاند؛ توانیویانە چەندین پێگەی گرنگ لە رۆژئاوای پارێزگای تەعز لە دەستی چەکدارانی حووسی دەربهێنن و پێشڕەوییەکانیان بەردەوامە. هاوکات بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەوە، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی.

ئەمڕۆ دووشەممە، 14ـی ئەیلوولی 2026، بەگوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی فەرمیی یەمەن (سەبە)، سەرچاوەیەکی سەربازی ئاشکرای کردووە، هێزەکانی سوپا کۆنترۆڵی پێگەکانی ناوچەی جەردادیان لە بەڕێوەبەرایەتی شەماێتین کردووەتەوە و پێشڕەوییان بەرەو ناوچەی خەیل بەنی عومەر کردووە. ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو ئۆپەراسیۆنە بەردەوامانەدایە کە ئامانج لێی وەدەرنانی حووسییەکانە لەو پارێزگایە.
هەر لە راپۆرتەکەدا هاتووە، لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی سوپای یەمەن بۆ سەر مۆڵگەکانی حووسییەکان، ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی سەربازی لەناوچوون و کۆگایەکی چەکی مامناوەند تەقێندراوەتەوە، هەروەها 10 چەکداری حووسی کوژراون.

لە لایەکی دیکەوە، حکوومەتی یەمەن کە لەلایەن شانشینی سعوودیەوە پشتیوانی دەکرێت، بەڵێنی داوە هێزەکانی لە کەناراوەکانی دەریای سوور تۆکمەتر بکات، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بۆ توندبوونەوەی ململانێ و هێرشەکانی حووسییەکان. لە بەرامبەردا، میدیاکانی سەر بە حووسییەکان رۆژی یەکشەممەی رابردوو بڵاویان کردەوە، سعوودیە بۆردومانی پارێزگای سەعدەی کردووە، کە بە پێگەی سەرەکیی حووسییەکان لە باکووری یەمەن دادەنرێت.

کاریگەرییەکانی ئەم جەنگە سنوورەکانی یەمەنی تێپەڕاندووە؛ بەرگریی شارستانیی سعوودیە هۆشدارییەکی پێشوەختەی بۆ ئەگەری مەترسی لە چوار شاری باشووری وڵاتەکەی (نەجران، خەمیس موشێت، جازان، و ئەبها) بڵاوکردەوە، بەڵام دواتر بەهۆی نەمانی مەترسییەکانەوە، هۆشدارییەکەی هەڵگرت.

لەسەر ئاستی ئابووریش، رۆژی یەکشەممەی رابردوو نرخی نەوت لە بازاڕەکاندا بە رێژەی زیاتر لە 2٪ بەرزبووەوە. هۆکاری ئەم بەرزبوونەوەیە دەگەڕێتەوە بۆ زیادبوونی نیگەرانییەکان سەبارەت بە سەلامەتیی دابینکردنی وزە، بەتایبەتی دوای هێرشە نوێیەکانی حووسییەکان بۆ سەر سعوودیە، هێرشەکانی ئێران بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە کەنداو، هەروەها داخستنی هێڵێکی سەرەکیی گواستنەوەی نەوتی سعوودیە.

 
لاڤین عومەر ,
المصدر: krd24.netعبر: كوردستان 24

أخبار ذات صلة