انتقل إلى المحتوى
krd24.netkrd24.net

هێرشەکەی سەر سعوودییە زیاتر بەهای دیناری دابەزاند

هێرشەکەی سەر سعوودییە زیاتر بەهای دیناری دابەزاند
ئابووری
دیناری عێراقی
دیناری عێراقی
کوردستان سعوودییە بەهای دینار دۆلاری ئەمریکی

بەهای دیناری عێراقی بەرانبەر دۆلاری ئەمریکی بۆ نزمترین ئاستی سێ مانگی رابردوو دابەزی، هۆکاری سەرەکیی ئەم دابەزینەش بۆ پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و هێرشی گرووپە چەکدارەکان دەگەڕێتەوە.

چەند رۆژێکە بەهای دیناری عێراقی بەرانبەر دۆلاری ئەمریکی رووی لە دابەزینێکی بەرچاو کردووە و نزمترین ئاستی سێ مانگی رابردووی تۆمار کرد. لە ئێستادا لە بازاڕەکانی ناوخۆدا هەر 100 دۆلارێک لە ئاستی 156 هەزار دیناردا مامەڵەی پێوە دەکرێت.

شارەزایانی ئابووری ئاماژە بەوە دەدەن، کۆمەڵێک هۆکار لە پشت دابەزینی بەهای دینارەوەن، دیارترینیان پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و هێرشی ئەم دواییەی گرووپە چەکدارەکانی عێراقە بۆ سەر هێڵی نەوتی سعوودییە. ئەمانە کاریگەریی نەرێنییان خستووەتە سەر بازاڕەکانی ناوخۆ و بوونەتە هۆی لاوازبوونی متمانەی خەڵک بە دراوی نیشتمانی.

هاوکات پێشتریش بەهای دینار لە ژێر فشاری گۆڕانکارییەکانی نرخی دۆلار لەسەر ئاستی جیهان و کەمیی خستنەڕووی دۆلاری نەختینە لە بازاڕەکانی عێراقدا، رووی لە دابەزین کردبوو.

پێشبینی دەکرێت تاوەکوو کۆتایی ئەم مانگە دینار هەر لەو ئاستە نزمەدا بمێنێتەوە، لەبەر ئەوەی بەهاکەی بە تەواوی گرێ دراوە بە سەقامگیریی سیاسی و ئەمنییەوە. ئەگەر حکوومەتی فیدراڵی بتوانێت لە کۆتایی ئەم مانگەدا جڵەوی گرووپە چەکدارەکان بکات و دۆخەکە کۆنترۆڵ بکات، ئەوا بەهای دینار روو لە بەرزبوونەوە دەکات، بەڵام بەردەوامیی دۆخەکە وەک خۆی، نرخی دراوی عێراقی هێندەی دیکە نزم دەکاتەوە.


بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لە عێراق بە درێژایی ساڵانی رابردوو زۆر هەستیار بووە بەرانبەر بە گۆڕانکارییە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوخۆ و ناوچەکە. بەهۆی ئەوەی ئابووریی عێراق بە رێژەی زیاتر لە 90% پشت بە هەناردەکردنی نەوت دەبەستێت و داهاتە دەرەکییەکان لە رێگەی فرۆشتنی نەوتەوە دەچنە خەزێنەی بانکی ناوەندی، هەر پچڕانێک لە هەناردەی وزە یان دروستبوونی ناسەقامگیرییەکی ئەمنی، راستەوخۆ دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی قەیران لە بازاڕی دۆلاردا.

 
سلێمان تاشان ,
المصدر: krd24.netعبر: كوردستان 24

أخبار ذات صلة