ئەمڕۆ یەکشەممە، 13ـی ئەیلوولی 2026، دەسەڵاتدارانی ئیندۆنیزیا رایانگەیاند، کەشتییەکی گەشتیاری بە ناوی "فیرگۆ ترانسپۆرت 8"لە ئاوەکانی ئەو وڵاتە و لە دەریای جاوە بەهۆی کەشوهەوای نالەبارەوە نقووم بووە.
دەسەڵاتدارانی ئیندۆنیزیا باسیان لەوەکردووە، کەشتییەکە دوێنێ شەممە بە 243 سەرنیشینەوە لە شاری سورابایا لە جاوەی رۆژهەڵاتەوە بەرەو بانجارماسین لە کالیمانتانی باشوور بەڕێکەوتبوو، پێش ئەوەی بە تەواوی پەیوەندییەکان لەگەڵیدا بپچڕێن و کارەساتی نقوومبوونەکە رووبدات.
هەروەها سەرۆکی تیمەکانی گەڕان و رزگارکردن رایگەیاند، هەموو توانای خۆیان خستووەتە گەڕ بۆ دۆزینەوەی بێسەروشوێنبووان و تیمێکیان رەوانەی دوایین شوێنی دیاریکراوی کەشتییەکە کردووە.
سەرۆکی تیمەکە ئاماژەی بەوەش کرد، تا ئێستا 103 سەرنشین توانراوە رزگار بکرێن. هەروەها گوتەبێژی تیمەکانی فریاگوزاری لە بانجارماسین ئەوەی خستەڕوو کە یەکێک لە سەرنشینە رزگارکراوەکان بەهۆی سەختیی دۆخ و برینەکانیەوە گیانی لەدەستداوە و 140 کەسیش بێسەروشوێنن.
ئەم جۆرەانە لە ئیندۆنیزیا دووبارە دەبنەوە، چونکە ئەم وڵاتە لە 17 هەزار دوورگە پێکهاتووە، هاووڵاتییان بۆ گواستنەوە بە شێوەیەکی بەرفراوان پشت بە کەشتییەکان دەبەستن لەبەرئەوەی رێگە دەریاییەکان تێچوویەکی کەمتریان هەیە و زیاتر بەردەستن، لەگەڵ ئەوەشدا، کێشەی سەرەکی لەو وڵاتەدا، جێبەجێنەکردنی پێوەرەکانی سەلامەتییە، کە ئەمەش وەک هۆکارێکی سەرەکی دەبینرێت بۆ بەرزیی رێژەیە دەریاییەکان بەراورد بە وڵاتانی دیکە.




