انتقل إلى المحتوى
krd24.netkrd24.net

تاران و مەسقەت لەسەر رێڕەوی نوێی گەرووی هورمز رێکدەکەون

تاران و مەسقەت لەسەر رێڕەوی نوێی گەرووی هورمز رێکدەکەون
سیاسی
ئێران

سەرچاوەیەکی ئاگاداری ئێرانی رایگەیاند، تاران و عومان لەسەر رێڕەوی نوێ بۆ هاتن و دەرچوونی کەشتییەکان لە گەرووی هرمز گەیشتوونەتە لێکگەیشتنێکی کۆتایی و بڕیارە لە نزیکترین کاتدا رێککەوتنەکە رابگەیەنرێت.

ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی بڵاویکردەوە، بەگوێرەی ئەو لێکگەیشتنە رێڕەوی هاتنەناوەوەی کەشتییەکان بۆ کەنداو بەتەواوی دەکەوێتە ناو ئاوە هەرێمییەکانی ئێران و بەشێک لە رێڕەوی دەرچوونیش بەناو ئاوەکانی ئێراندا تێپەڕ دەبێت.

ئەو سەرچاوەیە کە لە تیمی دانوستاندنکار نزیکە، روونیکردەوە جموجووڵی کەشتییەکان بەگوێرەی رێکاری ئێرانی دەبێت و رێڕەوی باشوور دادەخرێت، کە ئەمریکا پێداگری لەسەر کردنەوەی دەکرد. لێکگەیشتنەکەی تاران و مەسقەت بە مانای کردنەوەی گەرووی هرمز نایەت، چونکە تاران لە رێگەی نێوەندگیرییەوە حەوت مەرجی بۆ کردنەوەی گەرووەکە بە واشنتن راگەیاندووە و بڕیاری گەڕانەوەی جموجووڵی کەشتییەکان پەیوەستە بە هەڵوێستی ئەمریکا بەرامبەر بەو مەرجانە، کە بە گوتەی ئاژانسەکە مەرجەعە باڵاکان لە ئێران پەسەندیان کردووە.

سەرچاوەکە روونیکردەوە، لێکگەیشتنەکەیان لەگەڵ عومان تەنیا ئالیەتی بەکارهێنانی گەرووەکە دیاری دەکات ئەگەر بڕیاری کردنەوەی درا، بەڵام گەڕانەوەی جموجووڵ بۆ خودی گەرووەکە بەستراوەتەوە بە رەفتاری ئەمریکا. هەردوو وڵات بڕیاریان داوە ئەنجامی دانوستاندنەکان بۆ وڵاتانی کەنداو و عێراق روون بکەنەوە، بێ ئەوەی ئەو وڵاتانە لایەنێکی بەشدار بن لە وردەکارییەکانی لێکگەیشتنەکە.

دووشەممە عومان میوانداریی کۆبوونەوەیەک دەکات بە ئامادەبوونی ئێران و وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو بۆ تاوتوێکردنی ئاسایشی کەشتیوانی لە گەرووی هرمز. بەڵام بەرپرسێکی باڵای ئێران بە رۆیتەرزی راگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا هیچ رێککەوتنێک لەسەر گەرووەکە واژۆ ناکرێت و گفتوگۆکان تەنیا تایبەت دەبن بە رێکاری بەڕێوەبردنی رێڕەوە ئاوییەکە و پرسە ناوچەییەکان.

تاران پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە گەڕانەوەی کەشتیوانی بۆ دۆخی ئاسایی، لێکجیا ناکرێتەوە لە دانوستاندنەکانی لەگەڵ واشنتن لە کاتێکدا گرژییە سەربازییەکان بەردەوامن. حوزەیرانی رابردوو، یاداشتێکی لێکگەیشتنی نێوان تاران و واشنتن راگەیەندرا کە تێیدا بڕیار بوو ئێران بۆ ماوەی 60 رۆژ ئاسایشی رێڕەوی بازرگانی لە کەنداوەوە بۆ دەریای عومان دابین بکات. دواتر تاران و مەسقەت لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا پابەندبوونی خۆیان بە کەشتیوانیی ئارام دووپات کردەوە و رێککەوتن لە رێگەی گرووپێکی هاوبەشەوە بەردەوام بن لە گفتوگۆ بۆ بەڕێوەبردنی داهاتووی کەشتیوانی و خزمەتگوزارییە دەریاییەکان.

ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە لە رۆژانی رابردوودا گرژییەکانی ئێران لە گەرووی هرمز زیاتر بوون، بەجۆرێک هێزی دەریایی سوپای پاسداران رایگەیاند، سێ تانکەری نەوتی کردووەتە ئامانج کە بە رێڕەوێکی مۆڵەتپێنەدراودا تێپەڕیون.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە بەرامبەردا رایگەیاند، بارودۆخی تایبەت بە ئێران بەرەو باشی دەڕوات و جەنگەکە بەم نزیکانە کۆتایی دێت، هەروەها دووپاتی کردەوە تاران دەست بە چەکی ناوەکی ناگات. ترەمپ شەممە لە دوبلین پاش کۆبوونەوەی لەگەڵ کاثرین کۆنولی، سەرۆکی ئێرلەندا گوتی: "هەموو شتێک بە باشی بەڕێوە دەچێت".

سەرۆکی ئەمریکا روونیکردەوە، جەنگەکە بەم نزیکانە کۆتایی دێت و نرخی نەوت دادەبەزێت. ئەو گوتیشی هێزەکانی ئەمریکا کۆنترۆڵی گەرووی هرمزیان کردووە و هەموو مینەکانیان پاککردووەتەوە، بە سوودوەرگرتن لە کێڵەری پێشکەوتووی مینپاککەرەوە کە لە تاریکیدا کار دەکەن.

ئەم لێدوانانەی ترەمپ پاش ئەوە دێت کە هەینی جارێکی دیکە جەختی کردەوە وڵاتەکەی رێگە نادات تاران دەست بە چەکی ناوەکی بگات. هاوکات نامەکان بۆ کەشتییە بازرگانییەکان ئاشکرایان کردووە، ئەمریکا کاتی نوێی بۆ تانکەرەکان دیاری کردووە تا لەژێر پاراستنی ئاسمانیی ئەمریکادا بە گەرووی هرمزدا تێپەڕن، بەتایبەت دوای ئەوەی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان بەتایبەت لە شەواندا پەرەی سەندووە و بە کەشتییەکانی راگەیاندووە دەبێت لە کاتی دیاریکراودا وەک کاتژمێر 09:00ـی بەیانی گەشتەکانیان دەست پێ بکەن.

 
لاڤین عومەر ,
المصدر: krd24.netعبر: كوردستان 24

أخبار ذات صلة