انتقل إلى المحتوى
krd24.netkrd24.net

رووسیا کۆبوونەوەی پووتین و زێلێنسکی لە ئەمریکا بە مەحاڵ دەزانێت

رووسیا کۆبوونەوەی پووتین و زێلێنسکی لە ئەمریکا بە مەحاڵ دەزانێت
سیاسی
جیهان

کۆشکی کرێملن بە فەرمی پێشنیازەکەی سەرۆکی ئۆکرانیای بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکی رووسیا لە میانی لووتکەی گرووپی 20 لە ئەمریکا بە مەحاڵ ناوبرد، هاوکات وەزیری دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، کۆبوونەوە تەنیا دەکرێت لە مۆسکۆ بەڕێوەبچێت و لە کاتی دانوستاندنەکانیشدا ئۆپەراسیۆنی سەربازی راناگرن.

شەممە 12ـی ئەیلوولی 2026، دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا (کرێملن) لە شاری نیودەلهی بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، ئەنجامدانی هەر دیدارێک لە نێوان ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا و ڤلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا لە لووتکەی G20 لە شاری مایامیی ئەمریکا مەحاڵە.

لە وەڵامی ئەوەشدا کە ئایا رووسیا هیچ شوێنێکی دیکە بۆ کۆبوونەوە قبووڵ دەکات، پێسکۆڤ گوتی: "تەنیا ئامادەیی ئەوەمان هەیە لە مۆسکۆ چاومان پێی بکەوێت".

هاوکات سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان لە نیودەلهی، ڕەخنەی لە گەشتە دەرەکییە بەردەوامەکانی زێلێنسکی گرت و گوتی: "زێلێنسکی هەمیشە لە گەشتدایە و هەرگیز لە ماڵەوە نییە، لە کاتێکدا سەرکردایەتیی رووسیا کۆمەڵێک کاری ناوخۆیی هەیە کە پێویستە رایانبپەڕێنێت؛ بۆیە ئەگەر دەیەوێت کۆببینەوە، با بێتە مۆسکۆ".

وەزیری دەرەوەی رووسیا روونی کردەوە، رازیبوونی مۆسکۆ بۆ پێشوازیکردن لە زێلێنسکی، نیشاندانی نیازپاکی و هەنگاوێکی زۆر گەورەیە لە لایەن رووسیاوە، چونکە زێلێنسکی تا ئێستاش ئەو بڕیارە فەرمییەی خۆی هەڵنەوەشاندووەتەوە کە ئەنجامدانی دانوستاندنی لەگەڵ سەرکردایەتیی مۆسکۆ قەدەخە کردووە.

لاڤرۆڤ جەختی لەوە کردەوە کە سەرەڕای ئامادەییان بۆ دانوستاندن، بەڵام بە هیچ شێوەیەک لە ماوەی بەڕێوەچوونی دانوستاندنەکاندا ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەیان راناگرن و هێرشە سەربازییەکان لە کاتی گفتوگۆکانیشدا بەردەوام دەبن.

هەر ئەمڕۆ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی دۆیچە ڤێلەی ئەڵمانی، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، ئاشکرای کرد کە ئەگەر بانگهێشت بکرێن، ئامادەیە لە کۆبوونەوەی سەرکردەکانی گرووپی 20 لە 14 و 15ی کانوونی یەکەمی داهاتوو لە شاری مایامی لەگەڵ پووتین کۆببێتەوە.

گوتیشی: "پێویستە بێین، کۆببینەوە، قسە بکەین و بڕیار بدەین؛ گرنگ نییە من چی بە ئەو دەڵێم یان ئەو چی بە من دەڵێت، بەڵکو تەنیا ئەنجامەکان گرنگن". ئاماژەی بەوەش کرد، سوپای ئۆکرانیا لە مەیدانی جەنگدا زۆر لە ساڵی ڕابردوو بەهێزترە و پێگەیەکی باشی بۆ دانوستاندن هەیە.

 
دیجیتاڵ میدیا ,
المصدر: krd24.netعبر: كوردستان 24

أخبار ذات صلة