بە سەرپەرشتیی سەرۆکوەزیرانی عێراق، گرێبەستێکی نوێی 25 ساڵە لە نێوان کۆمپانیای نەوتی باکوور و کۆمپانیای کیپت بۆ پەرەپێدان و کارپێکردنی کێڵگەی نەوتی عوجەیل واژۆ کرا، بە مەبەستی زیادکردنی بەرهەمی گاز بۆ دوو هێندە و بەرزکردنەوەی بەرهەمی نەوت لەپێناو پاڵپشتیکردنی کەرتی کارەبای وڵات.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاوی کردەوە، ئەمڕۆ شەممە 12ـی ئەیلوولی 2026، عەلی فالح زەیدی سەرۆکوەزیران سەرپەرشتیی مەراسیمی واژۆکردنی گرێبەستی پەرەپێدان و بەگەڕخستنی کێڵگەی نەوتی عوجەیلی کرد کە لە نێوان کۆمپانیای نەوتی باکوور و کۆمپانیای کیپتدا بەسترا.
ئەم پڕۆژەیە وەک بەشێک لە بەرنامەی وەزارەتی نەوتی عێراق دێت بۆ وەبەرهێنانی زیاتر لە سامانی نەوت و گاز و بەکارهێنانی باشترین تواناکانی کێڵگەکان، بە جۆرێک کە ئاسایشی وزەی وڵات بەهێز بکات و سووتەمەنیی پێویست بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا دابین بکات.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، ماوەی گرێبەستەکە بۆ 25 ساڵ دەبێت و ئامانج لێی ئەوەیە بە شێوەیەکی قۆناخ بە قۆناخ ئاستی بەرهەمهێنانانی گاز لە نزیکەی 135 ملیۆن پێی سێجا لە رۆژێکدا بۆ 300 ملیۆن پێی سێجا لە رۆژێکدا بەرز دەکرێتەوە و بەرهەمهێنانی نەوتیش لە 30 هەزار بەرمیلەوە بۆ 40 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا زیاد دەکرێت.




