فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، لە ماوەی 60 ڕۆژی ڕابردوودا و لە چوارچێوەی گەمارۆی ناسراو بە "دیواری پۆڵایین"دژ بە ئێران، رێڕەوی 100 کەشتیی بازرگانییان گۆڕیوە، هاوکات جەختی کردەوە کە هیچ کەشتییەک بەبێ مۆڵەتی ئەمریکا لەو گەمارۆیە دەرباز نەبووە.
یەکشەممە 12ـی ئەیلوولی 2026، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا لە پەیامێکدا ئاشکرای کرد، لەو کاتەوەی واشنتن گەمارۆی دەریایی توندی بە ناوی "دیواری پۆڵایین"بەسەر ئێراندا سەپاندووەتەوە، لە ماوەی 60 رۆژی رابردوودا هێزەکانی سێنتکۆم توانیویانە ئاراستەی 100 کەشتیی بازرگانی بگۆڕن و رێگرییان لێ بکەن.
سێنتکۆم روونی کردەوە کە لەم ماوەیەدا کۆنترۆڵی تەواوی ناوچەکەیان کردووە و هیچ کەشتییەک نەیتوانیوە بەبێ مۆڵەت و رەزامەندیی هێزەکانی ئەمریکا بەناو هێڵی گەمارۆکەدا تێپەڕێت.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە کە سەربازانی هێزەکانی ئەمریکا بەوپەڕی سەرنج و وردییەوە لەسەر جێبەجێکردنی ئەم ئەرکە دەریاییە بەردەوامن.




