سەرچاوە ئەمنییەکانی عێراق رایانگەیاند، هێزە ئەمنییەکان لە ناوچەیەکی دوورەدەستی پارێزگای مەیسان لە نزیک سنووری ئێران، دەستیان بەسەر چەند سەکۆیەکی هەڵدانی فڕۆکەی بێفڕۆکەواندا (درۆن) گرتووە؛ ئەوەش دوای ئەو هێرشە دێت کە کرایە سەر بۆرییەکی نەوتی سعوودیە و بەغدا و ریاز ڕایانگەیاندبوو لە ناو خاکی عێراقەوە ئەنجام دراوە.
شەممە 12ی ئەیلوولی 2026، بەرپرسێکی ئەمنی بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە ناوچەیەکی دوورەدەست بە ناوی تەیب لە سنووری پارێزگای مەیسان لە باشووری عێراق، کە دەکەوێتە نزیک سنووری ئێران، سەکۆی هەڵدانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان دۆزیوەتەوە؛ بەرپرسێکی دیکەی ئەمنیش هەمان زانیاریی پشتڕاست کردووەتەوە.
هاوکات بەپێی راگەیەندراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، زەیدی ڕەزامەندیی لەسەر داواکارییەکی فەرمیی لایەنی ئێرانی دەربڕیوە بە مەبەستی ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەیەکی هاوبەش لەسەر دۆزینەوەی سەکۆکانی هەڵدانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە نزیک هێڵی سنووریی هاوبەشی نێوان عێراق و ئێران.
لە راگەیەندراوەکەدا ڕوون کراوەتەوە کە ئەم لێکۆڵینەوەیە بەدواداچوون بۆ تەواوی ئەو بارودۆخ و وردەکارییانە دەکات کە لە دەوروبەری دۆزینەوەی ئەو سەکۆیانە هەن لەسەر سنوور.
هەر ئەمڕۆ شەممە، سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا، رایگەیاند، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، فەرمانی داوە بە بەخشینی بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای میسان لە کارەکەی.
هەروەها بەرەبەیانی ئەمڕۆ، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد،زەیدی، بڕیاری داوە بە پێکهێنانی ئەنجوومەنێکی لێکۆڵینەوە لە دژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی مەیسان و فەرمانی دەرکردووە بە لادانی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی مەیسان لە پۆستەکەی، دوای ئەوەی لە لێکۆڵینەوەکاندا پشتڕاستکرایەوە کە ئەو هێرشانەی کرابوونە سەر سعوودیە، لە شوێنێکی ناو سنووری ئەو پارێزگایەوە ئاراستە کرابوون.
ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی هەینی، 11ی ئەیلوول، وەزارەتی دەرەوەی سعوودییە ئاشکرای کرد، هێرشەکانی سەر بۆریی نەوتی رۆژهەڵات و رۆژئاوا لە نێو خاکی عێراقەوە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کراون. هەروەها ئاماژەی بەوە دا، لەسەر داوای بەغدا و بۆ پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەم قۆناخەدا، وەڵامدانەوەی سەربازییان بۆ ئەو هێرشانە دواخستووە.




