دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە ئێرلاند وتارێکی پێشکەش کرد. تێیدا تیشکی خستە سەر بەکارهێنانی هێزی سەربازیی وڵاتەکەی لە دژی ئێران.
سەرۆکی ئەمریکا لەو وتارەدا کە ئەمڕۆ شەممە 12ـی ئەیلوولی 2026 پێشکەشی کرد، سەبارەت بە مەترسییەکانی تاران رایگەیاند "شەڕەکە بەهێزانە بەڕێوەدەچێت و ئێمە لە ئێران زۆر بە باشی کار دەکەین و گورزی توند لەوان دەوەشێنین."
ترەمپ جەختی کردەوە، نابێت هەرگیز رێگە بدرێت ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، ئاشکرای کرد، بە بڕوای ئەو تەنیا دوو هەفتەیان مابوو بۆ ئەوەی ببنە خاوەنی ئەو چەکە، هۆشداریشیدا کە ئەگەر فڕۆکە پێشکەوتووەکانی بی-2 نەبوونایە کە مانگێک پێشتر ئەرکەکەیان بەجێگەیاند، ئێستا ئێران خاوەن چەکی ئەتۆمی دەبوو.
لە درێژەی لێدوانەکانیدا سەبارەت بە دەریا و ڕێڕەوە ئاوییەکان، ترەمپ جەختی لەوە کردەوە، ئەمریکا کۆنترۆڵی تەواوی گەرووی هورمز دەکات و مینە دەریاییەکانی لەو ناوچەیە لابردووە،
ئاماژەی بەوەش دا، جەنگ لەگەڵ ئێران بەم زووانە کۆتایی دێت. هاوکات لە بارەی حووسیەکانەوە ترەمپ گوتی: حووسییەکان نایانەوێت شەڕی ئەمریکا بکەن، لە هەمان کاتدا ئاشکرای کرد، ئەمریکا کۆنترۆڵی نەوتی ڤێنێزوێلاش دەکات و پەیوەندییەکی پتەوی لەگەڵ حکوومەتی ئێستای ئەو وڵاتەدا هەیە.
سەبارەت بە هێرشە درۆنییەکەی سەر دامەزراوە نەوتییەکانی سعوودیە، ترەمپ راستەوخۆ پەنجەی تۆمەتی درێژکردەوە و رایگەیاند، ئێران لە پشت هێرشەکەی سەر بۆڕیی نەوتی رۆژهەڵات-رۆژئاوای سعوودیە بووە، ئەو هێرشەی کە بەپێی زانیارییەکان لە خاکی عێراقەوە ئەنجام درابوو.
هاوکات میدیاکانی ئەمریکا بڵاویان کردەوە، ترەمپ شازادەی جێنشینی سعوودیە بە دۆستێکی باش ناوبردووە و دۆخەکە بە ئاراستەیەکی گونجاودا هەنگاو دەنێت، لە کاتێکدا سەرۆکوەزیرانی عێراق، عەلی زەیدی دەستبەجێ لێکۆڵینەوەی لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی میسان دەستپێکرد و دوو دەروازەی سنووری داخست، لە بەرامبەریشدا گرووپە چەکدارەکانی عێراق هەرچۆرە دەستێوەردانێکیان لەو هێرشەدا رەتکردەوە.




