انتقل إلى المحتوى
krd24.netkrd24.net

لە دانیمارک فێستیڤاڵی فیلمی کوردی بەڕێوەچوو

لە دانیمارک فێستیڤاڵی فیلمی کوردی بەڕێوەچوو
هونەری
کوردستان فێستیڤاڵی فیلمی کوردی

فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە دانیمارک بە ئامانجی ناساندنی سینەما و کولتووری کوردی بە کۆمەڵگەی دانیمارکی و دروستکردنی پردێکی کولتووری و هونەری لەنێوان هەردوو گەل بەڕێوەدەچێت.

شەممە 12ـی ئەیلوولی 2026، جوان عوسمان، بەڕێوەبەری فێستیڤاڵی فیلمی کوردی دانیمارک بەـی راگەیاند: "لە ماوەی فێستیڤاڵەکەدا چالاکییەکان بۆ پێنج لە گەورەترین شارەکانی دانیمارک گواستراونەتەوە، تا نمایشکردنی فیلمەکان تەنیا لە یەک شاردا سنووردار نەبێت و ژمارەیەکی زیاتر لە بینەران بتوانن بەشداریی ئەم بۆنە هونەرییە بکەن".

سەبارەت بە ناوەڕۆکی بەرهەمەکان، عوسمان گوتی: "پێنج فیلمی کوردی لە هەر چوار پارچەی کوردستان هەڵبژێردراون. فیلمەکان بە زمانی کوردی نمایش دەکرێن و ژێرنووسی دانیمارکییان بۆ دانراوە، بەمەش بەشداربووانی دانیمارکی دەتوانن لە چیرۆک و پرسە کۆمەڵایەتی و مرۆییەکانی ناو فیلمەکان تێبگەن".

بەڕێوەبەری فێستیڤاڵەکە جەختی کردەوە، سینەما وەک ئامرازێک بۆ ناساندنی مێژوو، زمان و ژیانی کۆمەڵایەتی بەکاردەهێنرێت. بە گوتەی عوسمان، فێستیڤاڵەکە دەرفەتێکە بۆ پشتگیریکردنی دەرهێنەر و سینەماکارە کوردەکان و بەرهەمەکانیان لە ژینگەیەکی جیاوازدا زیاتر بناسرێن.

عوسمان باسی رەهەندە مرۆییەکانی چالاکییەکەی کرد و گوتی: "بڕیارمان داوە بەشێک لە داهاتی فرۆشتنی بلیتەکان بۆ هاوکاریی ژنانی ئێزدی و دابینکردنی پێداویستییەکانی منداڵانی رۆژئاوا لە وەرزی سەرمادا تەرخان بکەین. فێستیڤاڵەکە تەنیا نمایشکردنی فیلم نییە، بەڵکو هونەر بە بەرپرسیارێتیی مرۆییەوە گرێ دەدات".

سەبارەت بە دابەشکردنی خەڵاتەکان، عوسمان روونیکردەوە: "بۆ ئەم قۆناخەی فێستیڤاڵەکە هیچ خەڵاتێک دابەش ناکرێت و سەرنجی سەرەکی لەسەر نمایشکردنی فیلمەکان و ناساندنی سینەما و کولتووری کوردییە. ئامانجمان ئەوەیە فێستیڤاڵەکە ببێتە بوارێک بۆ نزیککردنەوەی کۆمەڵگەی کوردی و دانیمارکی".

فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە 4ـی ئەیلوولی 2026 دەستی پێ کردووە و تا 13ـی هەمان مانگ بەردەوام دەبێت.

 
 
گەرمیان گلی ,
المصدر: krd24.netعبر: كوردستان 24

أخبار ذات صلة