ئەمڕۆ شەممە، 12ـی ئەیلوولی 2026، روانگەی عێراقی سەوز کە تایبەتە بە کاروباری ژینگە، ئاشکرایکرد لە شەش نەخۆشخانەی بەغدا حاڵەتی پیسبوونی نموونەی ئاو تۆمارکراوە.
روانگەکە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، بە پشتبەستن بە راپۆرتی ساڵانەی دیوانی چاودێریی دارایی بۆ ساڵی 2025، ئەو نموونانەی ئاو کە رەوانەی تاقیگەی تەندروستیی ناوەندی کراون، پیسبوون و رێکارە پێویستەکانیش بۆ سنووردارکردنی ئەو حاڵەتانە نەگیراونەتە بەر.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە؛ پیسبوون لە فەرمانگەی پزیشکی، نەخۆشخانەی فێرکاریی بەغدا، نەخۆشخانەی شەهید غازی حەریری و نەخۆشخانە و سەنتەرەکانی سەر بەوان، هەروەها نەخۆشخانەی ئۆمێد بۆ چارەسەری گرێ شێرپەنجەییەکان دەستنیشانکراوە.
روانگەکە ئەوەشی خستەڕوو، لە فەرمانگەی تەندروستیی بەغدا/رەسافە پیسبوون لە نەخۆشخانەی فاتمە زەهرای ژنان و منداڵان و هەروەها نەخۆشخانەی کەمال سامەڕایی بۆ پیتاندن، چارەسەری نەزۆکی و منداڵبوونی دەستکرد دەرکەوتووە.




