انتقل إلى المحتوى
krd24.netkrd24.net

بەڵگەنامەکانی CIA: کلینتن و بوش پێش 11ـی سێپتەمبەر لە پلانی قاعیدە ئاگادار کرابوونەوە

بەڵگەنامەکانی CIA: کلینتن و بوش پێش 11ـی سێپتەمبەر لە پلانی قاعیدە ئاگادار کرابوونەوە
سیاسی
جیهان

دەزگای هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا (CIA) چەندین کورتە راپۆرتی نهێنیی پێشووی بڵاوکردەوە کە دەریدەخەن پێش هێرشەکانی 11ی سێپتەمبەر، بەردەوام و چەندین جار هۆشداری دراوەتە هەردوو سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، بیل کلینتن و جۆرج بوش، لەوەی رێکخراوی قاعیدە بەنیازی ئەنجامدانی هێرشە لە ناوخۆی ئەمریکادا.

بەپێی ئەو بەڵگە هەواڵگرییە نهێنییانەی کە تازە ئاشکرا کراون، چەندین سەرەداوی زۆر سەرنجڕاکێش لەبەردەستدا بوون، لە نێویاندا هۆشدارییەکی ساڵی 1998 هەیە کە تێیدا دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا رایگەیاندبوو لەوانەیە رێکخراوی قاعیدە فڕۆکەیەکی پڕ لە تەقەمەنی بفڕێنێت و بکێشێت بە شارێکی ئەمریکیدا.

بەڵگەیەکی نهێنی و فەرمیی دەزگای هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا (CIA) کە مێژووەکەی بۆ کۆتاییەکانی ساڵی 1998 دەگەڕێتەوە، ئاشکرای دەکات کە ئوسامە بن لادن و هاوپەیمانەکانی هەر لەو کاتەوە پلانیان هەبووە فڕۆکەی نەفەرهەڵگر لەناو ئەمریکادا بڕفێنن، تەنانەت پێشوەختە چەکدارەکانیان ناردووەتە فڕۆکەخانەیەکی نیویۆرک تا تاقیکردنەوە بکەن کە ئایا دەتوانن بەبێ ئاشکرابوون لە پشکنینە ئەمنییەکان دەرباز ببن یان نا.

ئەم بەڵگەیە کە لە 4ی کانوونی یەکەمی 1998 لە لایەن ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری سەر بە (CIA) ئامادە کراوە، دەریدەخات کە ئوسامە بن لادن لەگەڵ گرووپێکی هاوپەیمانی بە ناوی "کۆمەڵەی ئیسلامی"، ئامادەکارییان کردووە بۆ ئەنجامدانی چەند هێرشێک لەناو خاکی ئەمریکادا کە دیارترینیان رفاندنی فڕۆکە بووە.

پلانەکە بۆ ئەوە داڕێژرابوو کە لە رێگەی رفاندنی فڕۆکەی نەفەرهەڵگری ئەمریکییەوە گوشار بخەنە سەر واشنتن تاوەکو سێ بەندکراوی دیاری ئەوان ئازاد بکات، کە بریتی بوون لە: شێخ عومەر عەبدولڕەحمان، ڕەمزی یوسف و محەممەد سادق عۆدە.

بەپێی راپۆرتە هەواڵگرییەکە، پێش ئەوەی هێرشە سەرەکییەکە لە مانگی کانوونی یەکەمی 1998 پێش دەستپێکردنی مانگی ڕەمەزان ئەنجام بدرێت، دوو ئەندامی تیمی ئۆپەراسیۆنەکە وەک تاقیکردنەوە چوونەتە فڕۆکەخانەیەکی شاری نیویۆرک و توانیویانە لە خاڵەکانی پشکنینی ئەمنی دەرباز ببن، بەبێ ئەوەی ئاسایشی فڕۆکەخانەکە پێیان بزانێت.

جگە لە فڕۆکەڕفاندن، بەڵگەکە باسی لەوەش کردووە کە گرووپە توندڕەوەکان لە یەمەن توانیویانە مووشەکی دژە فڕۆکەی جۆری (SA-7) بەدەستبهێنن، بەو مەبەستەی بیبەنە ناو خاکی سعوودیە و لەوێوە فڕۆکەیەکی میسری، یان فڕۆکەیەکی مەدەنی یان سەربازیی ئەمریکی پێ بخەنە خوارەوە.

لە بەشێکی دیکەی بەڵگەکەدا هاتووە کە تۆڕەکەی بن لادن لە پەیوەندییە تەلەفۆنی و نامەکانیاندا چەندین وشەی نهێنییان بەکارهێناوە بۆ ئەوەی دەزگا هەواڵگرییەکان پێیان نەزانن؛ بۆ نموونە لە مالیزیا باسی "گەیشتن بە مانگی نۆیەمی دووگیانی"یان کردووە کە مەبەست لێی نزیکبوونەوەی کاتی تەقینەوە و هێرشەکان بووە، هەروەها لە یەمەنیش وشەکانی وەک "بازرگانی"و "هاوسەرگیری"یان بەکارهێناوە کە هەردووکیان کۆدی نهێنی بوون بۆ دەستپێکردنی هێرشی تیرۆریستیی لەناکاو.

بەرەبەیانی رۆژی 11ی سێپتێمبەری 2001، هێرشەکان دوو تاوەری ناوەندی بازرگانیی جیهانییان لە نیویۆرک و بارەگای وەزارەتی بەرگریی ئەمریکایان لە واشنتن کردە ئامانج، هاوکات فڕۆکەیەکی دیکەش لە ولایەتی پێنسیلڤانیا کەوتە خوارەوە. هێرشەکان بوونە هۆی کوژرانی نزیکەی سێ هەزار کەس و دواتر ئەمریکا جەنگێکی راگەیاند کە بە ناوی "جەنگ دژی تیرۆر"ناسرا.

کاریگەرییەکانی ئەو هێرشانە تەنیا لە ئەمریکا نەماوەوە، بەڵکو گەیشتە زۆر ناوچەی جیهان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانی عەرەبی بوونە سەنتەری ئەو گۆڕانکارییانەی بەدوای خۆیدا هێنا. لە ساڵانی دواتردا، ناوچەکە شایەتی جەنگ، گۆڕانکاریی سیاسی، سەرهەڵدانی گرووپی چەکدار و زیادبوونی کێشە نێودەوڵەتییەکان بوو، هاوکات وێنەی عەرەب و موسوڵمانان لە کۆمەڵگە رۆژئاواییەکاندا گۆڕا.

دەستپێکی جەنگ دژی تیرۆر

دوای تێپەڕبوونی چەند هەفتەیەک بەسەر هێرشەکاندا، ئەمریکا جەنگی لە ئەفغانستان دەستپێکرد بە ئامانجی رووخاندنی دەسەڵاتی تاڵیبان و بەدواداچوونی تۆرە تیرۆریستییەکانی قاعیدە کە واشنتن بەرپرسیارێتی هێرشەکانی خستە ئەستۆیان. بەم شێوەیە ئەفغانستان بووە یەکەم مەیدانی سەرەکیی جەنگی ئەمریکا دژی تیرۆر. بەڵام جەنگ لەوێ نەوەستا؛ لە ساڵی 2003دا، ئەمریکا هێرشی کردە سەر عێراق و رژێمی بەعسی رووخاند. 

عێراق و گۆڕینی هاوسەنگیی هێزەکان

داگیرکردنی عێراق یەکێک بوو لە کاریگەرترینەکان لە ناوچەکەدا دوای 11ی سێپتەمبەر. رووخانی رژێمی عێراق هاوسەنگیی هێزی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕی و رێگەی بۆ ململانێی ناوخویی و دەستوەردانی هەرێمی و نێودەوڵەتی خۆشکرد. دواتر سەرهەڵدانی قاعیدە لە عێراق و پاشان دەرکەوتنی رێکخراوی داعش کە توانی دەسەڵات بەسەر رووبەری بەرفراواندا لە عێراق و سووریا بگرێت پێش ئەوەی زۆربەی ناوچەکانی لەدەست بدات.

ئاسایش بەرامبەر بە ئازادییەکان

هێرشەکانی 11ی سێپتەمبەر گۆڕانکارییەکی گەورەی لە تێگەیشتن لە ئاساییشدا دروست کرد. لە زۆرێک لە وڵاتاندا رێوشوێنی تایبەت و توند بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکانی تیرۆر پەسەند کران، وەک زیادکردنی چاودێری و توندکردنەوەی رێوشوێنەکانی گەشتکردن. ئەم کارانە پرسیاریان لەسەر سنووری دەسەڵاتی دەوڵەت و مافەکانی تاک و ئازادیی رادەربڕین دروست کرد.

دوای 25 ساڵ، هێشتا شوێنەوارەکانی 11ی سێپتەمبەر ماون و پرسەکان لەسەر ئاسایش، مافەکان، و داهاتووی کۆمەڵگەکان بەردەوامن.

 

 
 
 
 
دیجیتاڵ میدیا ,
المصدر: krd24.netعبر: كوردستان 24

أخبار ذات صلة