انتقل إلى المحتوى
krd24.netkrd24.net

لە یادی11ـی سێپتەمبەردا؛ ترەمپ و هێگسێت: جەنگی ئێران دەبەینەوە

لە یادی11ـی سێپتەمبەردا؛ ترەمپ و هێگسێت: جەنگی ئێران دەبەینەوە
سیاسی
جیهان

لە مەراسیمی 25ەمین ساڵیادی هێرشەکانی 11ی سێپتەمبەردا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و پیت هێگسێت وەزیری جەنگی وڵاتەکە جەختیان لە بەردەوامیی شەڕ تا بەدیهێنانی سەرکەوتن کردەوە، و هێگسێت رایگەیاند، لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا سەرکردەکان، هێزی ئاسمانی و هێزی دەریایی ئێرانیان تێکشکاندووە و ناهێڵن تاران دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات.

هەینی 11ی ئەیلوولی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە گوتارەکەیدا یادی قوربانیانی 11ـی سێپتەمبەری 2001ـی بەرز راگرت و بە گێڕانەوەی چەندین چیرۆکی دڵتەزێنی ساتی تەقینەوەی فڕۆکەی گەشتی 175 و بەرزبوونەوەی دووکەڵ لە تاوەرەکاندا گوتی: "چواریەکی سەدە لەمەوبەر بوو، ئێمە هەرگیز و هیچ کاتێک ئەوە لەبیر ناکەین. هەر لەبەر ئەوەشە ئەمڕۆ جەنگ دەکەین؛ ئێمە هیچ بژاردەیەکی دیکەمان لەبەردەمدا نییە و دەبێت تەنیا سەرکەوتن هەبێت، ئێمە بە جددی جەنگ دەکەین بۆ ئەوەی بیبەینەوە".

ترەمپ لە گوتارەکەیدا بە راشکاوی جەختی لە بەرپەرچدانەوەی دەسەڵاتدارانی تاران کردەوە و گوتی: "دڵنیا دەبینەوە لەوەی کە یەکەمین دەوڵەتی پشتیوانیکاری گرووپە چەکدارەکان لە سەرانسەری جیهاندا، واتە کۆماری ئیسلامیی ئێران، هەرگیز و هیچ کاتێک نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی".

لەلایەن خۆیەوە، پیت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا لە گوتارەکەیدا رایگەیاند، لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا وڵاتەکەی گورزی وێرانکەری لە ئێران داوە و گوتی: "جەنگاوەرانی ئێمە رووبەڕووی دەسەڵاتێکی ئایینی بوونەتەوە کە نزیکەی نیو سەدەیە داوای مەرگمان بۆ دەکات و لە 11ی سێپتەمبەریشدا خۆشحاڵیی خۆیان دەربڕی؛ دەسەڵاتێک کە بە درێژایی دەیان ساڵ هێرشی دژی ئەمریکییەکان ئەنجام داوە و هەزاران کەسی لە ئێمە و هاوسەنگەرانمان لە عێراق و ئەفغانستان کوشتووە، بەڵام ئەوان حیسابیان بۆ ئەم سەرۆکە نەکردبوو".

وەزیری جەنگی ئەمریکا دەستکەوتە سەربازییەکانی وڵاتەکەی خستەڕوو و گوتی: "ئەمریکا سەرکردەکانی ئەوانی کوشت، هێزی ئاسمانیی تێکشکاندن و هێزی دەریاییەکەشیان لە بنکی دەریادایە، سیستەمی بەرگرییان نەماوە و تانکەرەکانیشیان دەنێرینە بنکی زەریا؛ هەروەها دڵنیای دەدەین ئێران هەرگیز نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی".

هێگسێت جەختیشی کردەوە کە رۆژانە گوشارە ئابوورییەکان توندتر دەبن، کۆنترۆڵی گەرووەکەیان کردووە و ئەم شەڕە بە سەرکەوتوویی کۆتایی پێدەهێنن.

 
دیجیتاڵ میدیا ,
المصدر: krd24.netعبر: كوردستان 24

أخبار ذات صلة