انتقل إلى المحتوى
krd24.netkrd24.net

عێراقچی لە وەڵامی بێسێنت: جیهان رۆژ بە رۆژ متمانەی بە سیستەمی دارایی ئەمریکا لەدەست دەدات

عێراقچی لە وەڵامی بێسێنت: جیهان رۆژ بە رۆژ متمانەی بە سیستەمی دارایی ئەمریکا لەدەست دەدات
سیاسی
ئێران

وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند هێزەکانی وڵاتەکەی 85%ـی کارگەکانی ئێرانیان تێکشکاندووە و هەناردەی نەوتی تارانیان لە گەرووی هورمزدا گەیاندووەتە سفر، هاوکات وەزیری دەرەوەی ئێران وەڵامی دایەوە و جەختی کردەوە ئەمریکا لە گەیاندنی زیان بە ئابووریی ئێران دەستەوستان بووە و سیستەمی دارایی واشنتن متمانەی جیهانی لەدەست دەدات.

هەینی 11ـی ئەیلوولی 2026، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە لێدوانێکدا وەڵامی ئەو راپۆرتانەی میدیاکانی دایەوە کە باسیان لە نۆژەنکردنەوەی کۆگاکانی مووشەکی ئێران دەکرد و گوتی: "ئێمە 85%ـی کارگەکانی ئەوانمان تێکشکاندووە؛ ئیتر چۆن دووبارە مووشەک دروست دەکەنەوە؟ ئایا لە هەفتەیەکدا دانەیەک یان دووان بەرهەم دەهێنن؟ ئەو قسانە تەنیا مانشێتن و بنەمایان نییە".

وەزیری گەنجینەی ئەمریکا دۆخی تاران بە "ئاژەڵێکی بریندار و گۆشەگیرکراو"وەسف کرد کە دوایین هەناسەکانی دەسەڵاتەکەی دەدات، و سەبارەت بە رەوشی کەشتیوانیش گوتی: "لە باشووری گەرووی هورمز، ئێرانییەکان هەناردەکردنی نەوتیان گەیشتووەتە سفر. لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا ئەنجامەکە 140 ملیار دۆلار بووە بۆ ئێمە بەرامبەر بە سفر بۆ ئێران". گوتیشی ئەو قسانەی تاران دەربارەی کۆنترۆڵکردنی گەرووەکە دەیکات بابەتێکی "کۆمیدی و بێمانایە".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، بێسێنت ئاماژەی بەوە کرد، ئێران لە کاتی ئەم ململانێیەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە رێگەی هەژمارەکانی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسەوە هەوڵ دەدات کێشە بۆ ئابووریی ئەمریکا دروست بکات، چ لە رێگەی دەستکاریکردنی نرخی نەوت یان سوودی قەواڵە داراییەکانەوە.

وەزیری گەنجینەی ئەمریکا جەختیشی کردەوە، زۆربەی ئەو بانگەشانەی ئێرانییەکان دەیکەن لە خەیاڵ و ئاواتەوە سەرچاوەی گرتووە، وەک چۆن لە کۆنگرەی رۆژنامەوانیی G20 باسی کردبوو، و رەخنەی لە هەندێک میدیای دارایی گرت کە بەهۆی ناکۆکییان لەگەڵ ترەمپ، سەکۆ دەدەنە دەست ئێرانییەکان بۆ بڵاوکردنەوەی ئەو بانگەشانە.

هاوکات عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، بە توندی رەخنەی لە گوتەکانی وەزیری گەنجینەی ئەمریکا گرت سەبارەت بە سەپاندنی گوشاری ئابووری بۆ سەر وڵاتەکەی و نووسیویەتی: "وەزیری گەنجینەی ئەمریکا بە خۆهەڵکێشانەوە باسی لە هەوڵەکانی بۆ هەژارکردنی گەلی ئێران و داڕمانی ئابووریی ئەم وڵاتە کردووە، بەڵام ئێستا دەستەوستان و بێدەسەڵاتە و لە هەمان کاتدا جیهانیش رۆژ لە دوای رۆژ متمانەی خۆی بە سیستەمی دارایی ئەمریکا لەدەست دەدات".

وەزیری دەرەوەی ئێران لە درێژەی پەیامەکەیدا ئاماژەی بە دۆخی ناوخۆیی ئەمریکا داوە و رایگەیاندووە، ئەو قەیرانەی ئێستا لە پرسی تێچووی دابینکردنی قەرزەکانی ئەمریکادا هاتووەتە ئاراوە، تەنیا سەرەتای دەستپێکردنی قەیرانە گەورەکانی ئەو وڵاتەیە.

 
دیجیتاڵ میدیا ,
المصدر: krd24.netعبر: كوردستان 24

أخبار ذات صلة