انتقل إلى المحتوى
krd24.netkrd24.net

لە بازگەکانی عێراق رێگری لە هەناردەکردنی ماسیی تەقتەق دەکرێت

لە بازگەکانی عێراق رێگری لە هەناردەکردنی ماسیی تەقتەق دەکرێت
ئابووری
کوردستان تەقتەق راوە ماسی

بەڕێوەبەری هۆبەی کشتوکاڵی تەقتەق رایدەگەیەنێت، رۆژانە 40 تاوەکو 50 تۆن ماسی لە سنوورەکەیان بەرهەم دەهێندرێت کە زۆر لە پێداویستیی ناوخۆ زیاترە، بەڵام ئاشکرای دەکات سەرەڕای خواستی زۆری بازاڕەکانی عێراق، لە بازگەکان رێگری لە هەناردەکردنی بەرهەمەکەیان دەکرێت و سەرانەیان لێ وەردەگیرێت.
سەباح عوسمان، بەڕێوەبەری هۆبەی کشتوکاڵی تەقتەق، ئەمڕۆ هەینی 11ـی ئەیلوولی 2026، بە ماڵپەڕیـی گوت: بەرهەمی ماسی لە سنووری شارۆچکەی تەقتەق بەردەوام لە زیادبوونە و زۆر زیاترە لە پێداویستی ناوخۆی و رۆژانە 40 تاوەکو 50 تۆن ماسی بەرهەم دێت.

سەباح عوسمان گوتیشی: رۆژانە و بەردەوام ماسی ناوخۆیی هاوردەی پارێزگاکانی خواروو و ناوەڕاستی عێراق دەکرێت، بەڵام ماوەیەکە رێگری زۆر لە بەرهەمی جوتیارانمان دەکرێت بەتایبەت لە بازگەکان و سەرانەیان لێ وەردەگرن، هەروەها تووشی نارەحەتی و ئاستەنگ دەبنەوە، نموونەی بە چەند رۆژێک پێش ئێستا دەهێننێتەوە کە رێگری لە هەناردەی ماسی جوتیارانی تەقتەق کراوە لە بازگەکانی عێراق.

بەڕێوەبەری هۆبەی کشتوکاڵی تەقتەق ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی بارینی بارانێکی زۆر بەرهەمی ئەمساڵی ماسی زۆر زیاتر دەبێت، چونکە خاوەن حەوزەکان سوود لە ئاوی سازگاری زێی بچووک وەردەگرن و ئەمەش دەرفەتێکی زۆر باشیان بۆ دەرەخسێنیت بۆ ئەوەی پەرە بە پرۆژەکانیان بدەن.

سەباح عوسمان باسی لەوەش کرد، لە سنووری شارۆچکەی تەقتەق  زیاتر لە دوو هەزار حەوزی ماسی هەن و رێککارەکانی وەرگرتنی مۆڵەت بۆ حەوزی ماسی بەردەوام لە زیادبوونە، لەگەڵ ئەوشدا خاوەن حەوزەکان و جوتیاران داوا لە حکوومەتی هەرێم دەکەن کارئاسانی زیاتریان بۆ بکرێت، بەتایبەت لە بابەتی کارەبا و هاوکات بە گوتەی سەباح عوسمان نرخی ئالیکی ماسی زۆر گران بووە.

دەربارەی کوالێتی و جۆری ماسی تەقتەق، بەڕێوەبەری هۆبەی کشتوکاڵی تەقتەق رایگەیاند: باشترین جۆری ماسی لە تەقتەقە و کواڵێتییەکی زۆرباشی هەیە و خواستێکی زۆریشی لەسەرە لە جۆری ماسی ( کارب).

سەباح عوسمان لە رێگەیـەوە داوا دەکات، حکوومەتی هەرێم گرفتی بەردەوام هاوردەکردنی ماسییان بۆ چارەسەر بکات، چونکە لە بازگەکان رووبەرووی رێگری زۆر دەبنەوە.

بەگوتەی ئەو بەڕێوەبەرە لە سنووری شارۆچکەکەیان 400 جوتیاری خاوەن حەوزی ماسیین.

شارۆچکەی تەقتەق، کە سەر بە پارێزگای هەولێرە و کەوتووەتە سەر لێواری راستی زێی بچووک، ناوچەیەکی ستراتیژیی کشتوکاڵییە. بە دووریی 90 کیلۆمەتر لە رۆژهەڵاتی هەولێر و 60 کیلۆمەتر لە باکووری کەرکووک هەڵکەوتووە. لەو شارۆچکەیەدا زیاتر لە 900 جوتیاری کارا هەن کە سەرچاوەی سەرەکیی بژێوییان بەرهەمە کشتوکاڵییەکانە و ساڵانە بەرهەمەکانیان بەشێکی گرنگی پێداویستیی بازاڕەکانی ناوخۆ و عێراق پڕ دەکاتەوە.

 
 
شۆڕش هەرکی ,
المصدر: krd24.netعبر: كوردستان 24

أخبار ذات صلة