انتقل إلى المحتوى
krd24.netkrd24.net

میوەی کوردستان لە نێو جەرگەی ئیستانبوڵ دەفرۆشرێت

میوەی کوردستان لە نێو جەرگەی ئیستانبوڵ دەفرۆشرێت
گشتی
کوردستان ئیستانبوڵ میوەفرۆش

لە شارۆچکەی فاتیح لە ئیستانبوڵ، بازاڕێکی تایبەت بە بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی باکووری کوردستان هەیە، تێیدا میوە و سەوزەی هاوینە و پاییزەی شارە جیاوازەکان لەلایەن کاسبکارانی کوردەوە دەفرۆشرێت.

لە بازاڕی کوردەکان لە شارۆچکەی فاتیحی ئیستانبوڵ، دەیان کاسبکار و بازرگانی کورد سەرقاڵی فرۆشتنی ئەو میوە و سەوزانەن کە لە باکووری کوردستانەوە هێناویانتە ئەو شارە. لە بازاڕەکەدا بەرهەمەکانی وەکوو کاڵەکی سێرت و جزیری، سێوی بەرواری، تێروزی و خەیاری مێردین، لەگەڵ بیبەری مەرەش دەفرۆشرێن.

حەکیم پۆلات، میوەفرۆش لە بازاڕەکە، بە موراد ئاکنجی، پەیامنێریـی راگەیاند، بەرهەمەکان لە شارەکانی بەدلیس، وان، سێرت، مووش و جۆڵەمێرگەوە دەهێنن. ئاماژەی بەوەش دا، سێوی بەرواری زۆر ئاودارە و کاڵەکی جەفانیش قەبارەکەی گەورەیە و زۆر شیرینە.

هاووڵاتییەک لە ناو بازاڕەکەدا، باسی لەوە کرد، بەرهەمەکان لە مێردینەوە دەهێنرێن و زۆر سرووشتین، خەڵکیش بە تامەزرۆییەوە دەیانکڕن.

هاووڵاتییەکی دیکەی تەمەن 72 ساڵ، ئاماژەی بەوە دا، بەرهەمەکان زۆر سروشتین و تامیان زۆر خۆشە. ئەوەشی خستەڕوو، بیبەری مەرەش و تێروزییەکان تامی رابردوویان پێ دەبەخشێت و بیرەوەرییەکانی گەنجییان بۆ دەهێنێتەوە.

سەبارەت بە نرخەکانیش لەو بازاڕەدا، یەک کیلۆگرام کاڵەک بە 80 لیرەیە و یەک کیلۆگرام تێروزی لە نێوان 130 بۆ 150 لیرە دەفرۆشرێت، چاوەڕوانیش دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا ترێی باکووری کوردستان بگاتە بازاڕەکە.

ئەم بازاڕە مێژوویەکی دێرینی هەیە و لە دەیەکانی رابردوودا بووەتە ناوەندێکی گرنگ بۆ ئەو کوردانەی لە شارەکانی باکووری کوردستانەوە (وەک سێرت، ئامەد، مێردین و بەدلیس) کۆچیان کردووە بۆ ئیستەنبووڵ. بازاڕەکە بە فرۆشتنی بەرهەمە خۆماڵییەکانی وەکوو پەنیر، هەنگوین، گۆشت، و میوە و سەوزەی وەرزیی ناوچە کوردییەکان ناوبانگی دەرکردووە. 

ئەم شوێنە نەک تەنیا ناوەندێکی بازرگانییە، بەڵکوو بووەتە پردێکی کولتووری و کۆمەڵایەتی بۆ کوردانی دانیشتووی ئیستەنبووڵ، بۆ ئەوەی بەرهەمە رەسەنەکانی زێدی خۆیان دەستبکەوێت.

 
موراد ئیکینجی ,
المصدر: krd24.netعبر: كوردستان 24

أخبار ذات صلة