انتقل إلى المحتوى
krd24.netkrd24.net

تێباس بە تووندی وەڵامی ریال مەدرید دەداتەوە

تێباس بە تووندی وەڵامی ریال مەدرید دەداتەوە

دیجیتاڵ

خاڤیێر تێباس، سەرۆکی لالیگا، بەردەوامە لە ئاڵۆزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ریال مەدرید. دوای راگەیێندراوە تووندەکەی یانەی شاهانە، تێباس رایگەیاند بەرگریکردن لە بەرژەوەندیی هەموو یانەکان بە مانای خۆبەدەستەوەدان بە بەهێزترین یانە نایەت، جەختیشی کردەوە لەسەر بەردەوامبوونی سەربەخۆیی لە بڕیارەکانیدا.

کێشەکانی نێوان هەردوولا تەنیا دوو کاژێری خایاند؛ دوای راگەیێندراوەکەی ریال مەدرید، تێباس لە رێگەی هەژمارەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە زمانێکی تووند و بە خێرایی وەڵامی خاڵەکانی ریال مەدریدی دایەوە.

تێباس نووسیویەتی"بەرگریکردن لە بەرژەوەندیی یانەیەک بە مانای قبووڵکردنی وتارەکەی نییە، نوێنەرایەتیکردنی هەمووانیش بە مانای گوێڕایەڵی بۆ بەهێزترین یانەکان نایەت".

سەرۆکی لالیگا لە وەڵامی رەخنەکانی ریال مەدرید سەبارەت بە ناوبژیوانی گوتی "رەخنەگرتن لە بڕیاری ناوبژیوان مافێکی رەوایە، بەڵام گۆڕینی هەر زیانێک کە بەر یانەیەک دەکەوێت بۆ بەڵگەی بوونی هەڵمەتێکی چەوسانەوە، بابەتێکی دیکەیە".

ناوبراو رەخنەی لە پەخشی کەناڵی فەرمیی ریال مەدریدیش گرت و گوتی"ساڵانێکە قسە لەسەر بوونی خولێک دەکەن کە دەستکاری دەکرێت، هەفتە لە دوای هەفتە... ئایا ئەمە متمانە دروست دەکات یان زیان بە وێنەی تۆپی پێی ئیسپانی دەگەێنێت؟"

تێباس: بێلایەنی بە مانای نەبوونی هەڵوێست نایەت

تێباس بەرگری لە هەڵوێستەکانی کرد و جەختی کردەوە کە وەستاندنەوە بەرامبەر ئەوەی بە ناڕەوایی دەبینێت پێچەوانەی بێلایەنی نییە، بەڵکو پەیوەستە بە سەربەخۆیی لە راپەڕاندنی ئەرکەکانیدا.

هەروەها زیاتر گوتی"ئەگەر مەبەستتان لە بێلایەنی نەبوونی هەڵوێست بێت بەرامبەر راست و هەڵە، ئەوا داوام لێ دەکەن دەستبەرداری بەرپرسیارێتییەکانم ببم. سەربەخۆیی واتە بڕیاردان بەپێی پێوەرەکانی خۆم، بێ گوشار و بێ خۆبەدستوەدان، هەروەها جێبەجێکردنی هەمان یاسا بۆ هەمووان و بەرگریکردن لە بەرژەوەندیی گشتی".

زیاتر گوتی "ئەمەش واتە بڕیاردان و راگەیاندنی هەڵوێستەکان، تەنانەت ئەگەر بە دڵی ریال مەدریدیش نەبێت".

لە پەیامەکەیدا، تێباس تۆمەتی لایەنگری دژی ریال مەدرید رەتکردەوە و رایگەیاند "دەبێت بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی پێشبڕکێکە و لالیگا بکەین".

لە کۆتاییشدا بە دەستەواژەیەکی یەکلاکەرەوە گوتی "من خاوەنی لالیگا نیم، بەجۆرێکیش بەڕێوەی نابەم کە گوایا موڵکی یەک یانەیە. رێز لە هەمووان دەگرم، بەڵام خۆم بە دەستی هیچ کەسێکەوەش نادەم".

المصدر: krd24.netعبر: رووداو

أخبار ذات صلة