انتقل إلى المحتوى
krd24.netkrd24.net

لاپۆرتا: هەوڵ دەدەین جارێکی دیکە مێسی بگەڕێتەوە کامپ نو

لاپۆرتا: هەوڵ دەدەین جارێکی دیکە مێسی بگەڕێتەوە کامپ نو

دیجیتاڵ

سەرۆکی یانە کەتەلۆنییەکە جەختی کردەوە کە یانەکەی دەستبەرداری ئارەزووی خۆی نەبووە بۆ رێزلێنان و ماڵئاواییکردن لە مێسی، بەو شێوازەی کە شایستەی باشترین یاریزانی مێژووی یانەکەیە.

بەپێی رۆژنامەی 'سپۆرت'، لاپۆرتا ئاشکرایکردووە بارسێلۆنا پێشتر مێسی لە ئارەزووی خۆی بۆ سازکردنی ئاهەنگێکی رێزلێنان ئاگادارکردووەتەوە و کاتەکەشی دیاریکردووە، کە دوای تەواوبوونی کارەکانی یاریگای نوێی کامپ نو دەبێت.

لاپۆرتا گوتی "بە مێسیمان گوتووە کە دەمانوێت دوای تەواوبوونی یاریگاکە و بە ئامادەبوونی نزیکەی 105 هەزار هاندەر ئاهەنگی رێزلێنانی بۆ سازبکەین".

سەرۆکی بارسێلۆنا جەختیشی کردەوە کە بڕیاری کۆتایی لە دەستی ئەستێرە ئەرجەنتینییەکە خۆیدایە و گوتی "تاوەکو خۆی بیوێت، بە تەواوبوونی یاریگاکە ئاهەنگەکەی بۆ سازدەکەین".

سەبارەت بە ئەگەری گەڕانەوەی مێسی بۆ پۆشینی درێسی بارسێلۆنا، لاپۆرتا روونی کردەوە "دەرفەتێک هەبوو بۆ ئەوەی وەرزێکی دیکە لەگەڵمان یاری بکات، بەڵام رووینەدا چونکە ئەو بڕیارێکی دیکەی دا".

ئەم قسانەی لاپۆرتا جارێکی دیکە برینی رۆیشتنی مێسی لە هاوینی 2021دا لای هاندەرانی بارسێلۆنا نوێکردەوە، کە بێ ماڵئاواییکردن لەنێو یاریگا یانەکەی جێهێشت.

سەرەڕای ئەوەش، لاپۆرتا هەوڵیدا نیەتپاکی یانەکە پیشان بدات و گوتی "زۆر دڵخۆش دەبین بە سازکردنی ئاهەنگی رێزلێنان بۆی، بەو هیوایەم بەم زووانە بیبینمەوە".

لە کۆتاییدا، سەرۆکی بارسێلۆنا هاوخەمی خۆی بۆ کۆچی دوایی خورخی مێسی، باوک و بەڕێوەبەری کارەکانی مێسی دەربڕی و گوتی"پرسە و سەرەخۆشیی قووڵمان بۆ باوکی دەنێرین، کە کەسایەتییەکی تایبەت و بەڕێز بوو".

المصدر: krd24.netعبر: رووداو

أخبار ذات صلة