انتقل إلى المحتوى
krd24.netkrd24.net

چارەنووسی گوڵمحەممەدی لەگەڵ دهۆک دیارنییە

چارەنووسی گوڵمحەممەدی لەگەڵ دهۆک دیارنییە

دیجیتاڵ

کارگێڕیی یانەی دهۆک و هاندەرانی یانەکە لە دۆخی تیپی تۆپی پێی یانەکەیان و ئەنجامەکانی رازی نین و ئەگەری هەیە گرێبەستی یەحیا گوڵمحەممەدی، راهێنەری یانەکە هەڵبوەشێنرێتەوە.

بەپێی بەداداچوونێکی سپۆرتس، دوای یاریی دهۆک بەرامبەر مینا و یەکسانبوون لەو یارییەدا بە گۆڵێک بۆ هەرلایەک کە لە بەسرە بەڕێوەچوو، یەحیا گوڵمحەممەدی، راهێنەری دهۆک بە فڕۆکە لە بەسرە گەڕاوەتەوە هەولێر و لە کاتی گەڕانەوەشی بۆ دهۆک، لەگەڵ کارگێڕیی یانەکە کۆدەبێتەوە.

دوای دۆڕانی یانەی دهۆک لە گەڕی رابردوودا بەرامبەر یانەی کەرخ، لە بەغدا سەرۆکی یانەکە جارێکی دیکە متمانەی دایەوە بە دەستەی راهێنەران و داوای باشترکردنی ئەنجامەکانیان کرد، بەڵام دۆخی یانەکە هەر باش نەبوو و دوای 8 یاریی دهۆک، تەنیا یەک سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و شەش جار یەکسانبووە.

یەحیا گوڵمحەممەدی، لەلایەن هاندەرانی یانەکەوە رەخنەی زۆری لێدەگیرێت و کارگێڕیی یانەی دهۆکیش لە ئەنجامەکانی رازی نین.

دیارنییە کەی کۆبوونەوەی کارگێڕیی یانەکە و ئەو راهێنەرە ئێرانییە دەکرێت، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی سپۆرتس، دهۆک هەوڵدەدات ئەو راهێنەرە رازی بکات، بە رەزامەندیی هەردوولا گرێبەستەکەی هەڵبوەشێنێتەوە، چونکە راهێنەرەکە لە ئەگەری دوورخستنەوەی تاکلایەنە لەلایەن یانەکەوە پێویستە هەموو مافە داراییەکانی بدرێت و گرێبەستی خۆی و دەستەی راهێنەران دەگاتە سەرووی ملیارێک و 200 ملیۆن دینار.

هەر بەپێی بەدواداچوونی سپۆرتس، لە ئەگەری رازیبوونی یەحیا گوڵمحەممەدی، بە دەستلەکارکێشانەوە و کۆتاییهێنان بە ئەرکەکەی لەگەڵ یانەی دهۆک، یانەکە راستەوخۆ بیر لە بژاردەی دیکە دەکاتەوە و بژاردەی یەکەمی یانەکەش گەڕاندنەوەی مەسعود میراڵ، راهێنەری پێشووی یانەکەیە کە ئێستا لە سوێدە و هیچ ئەرکێکی نییە.

دوای یەکسانبوونی بەرامبەر مینا، دهۆک تاوەکو 9ـی مانگی داهاتوو هیچ یارییەکی دیکە ناکات، بەهۆی وەستانی خولەکە و بەڕێوەچوونی جامی کەنداو، کاتێکیش یارییەکانی دەستپێدەکەنەوە لەنێو یاریگا و هاندەرانی تیپەکە میوانداریی یانەی زەورا دەکات.

ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی یەحیا گوڵمحەممەدی لەلایەن یانەی دهۆکەوە لەکاتێکدایە، لە ماوەی رابردوودا لە میدیای ئێران دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە کە راهێنەرەکە پەیوەندیی لەگەڵ یانەی سپاهان ئەسفەهان هەیە و ئەو راهێنەرە ویستی ئەوەی هەیە بگەڕێتەوە بۆ خولی ئێران.

المصدر: krd24.netعبر: رووداو

أخبار ذات صلة