انتقل إلى المحتوى
krd24.netkrd24.net

رۆدری هۆکاری رەتکردنەوەی ریال مەدرید و پەیوەندیکردنی بە بارسێلۆنا ئاشکرادەکات

رۆدری هۆکاری رەتکردنەوەی ریال مەدرید و پەیوەندیکردنی بە بارسێلۆنا ئاشکرادەکات

دیجیتاڵ

رۆدری، یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی ئیسپانی خاوەن باڵۆندۆر، هۆکاری رەتکردنەوەی دەستەوارەی ریال مەدرید و هەڵبژاردنی بارسێلۆنای دوای جێهێشتنی مانچێستەر سیتی ئاشکراکرد و دەڵێت پڕۆژە وەرزشییەکەی هانزی فلیک هۆکاری سەرەکی بڕیارەکەی بووە.

رۆدری دوای جێهێشتنی مانچێستەر سیتی، گەڕایەوە لالیگا و پەیوەندی بە بارسێلۆناوە کرد، سەرەڕای ئەوەی ریال مەدرید هەوڵێکی زۆری بۆ گواستنەوەی دابوو. براوەی خەڵاتی باڵۆندۆری 2024 لە لێدوانێکیدا بۆ میدیای ئیسپانیا دووپاتیکردەوە بڕیارەکەی تەنیا لەسەر بنەمای وەرزشی بووە نەک لایەنی دارایی.

یاریزانە 30 ساڵانەکە لەبارەی جێهێشتنی مانچێستەر سیتی و هەڵبژاردنی بارسێلۆنا گوتی "ئەمە پرۆسەیەک بوو پێش ئەوەی بڕیار بێت، سەرەتا پێویستە تێبگەیت کاتت لەوێ کۆتاییهاتووە و رەنگە ئاڵنگارییەکی نوێت بوێت، هەر کاتێک دەرفەتی پەیوەندیکردن بە بارسێلۆنا هاتەپێشەوە، زانیم لەبەر زۆر هۆکار باشترین بژاردەیە بۆم".

رۆدری لە درێژەی قسەکانیدا سەبارەت بە پڕۆژەی بارسێلۆنا گوتی "هەمیشە بڕیارەکانم لەسەر بنەمای وەرزشی دەدەم، لەو شوێنەی باوەڕم وایە دەتوانم سەربکەوم، دڵخۆش بم و وەک یاریزان گەشە بکەم، هەروەها لەبەر ئەو نەوەیەی کە یاریزانان و ئەو پڕۆژەیەی هانزی فلیک لەوێ دروستی دەکات، دیکۆ و فلیک منیان قایل کرد".

ئەستێرەکەی پێشووی سیتی باسی لە قورسی بڕیارەکە کرد و گوتی "دەبوو زۆر شت هەڵسەنگێنم بۆ بڕیاردان لە نێوان دوو لە باشترین یانەکانی جیهان، بڕیارێکی ئاسان نەبوو؛ گوتنی نەخێر بۆ ریال مەدرید ئاسان نەبوو بەتایبەت لەبەر ئەوەی بە شێوەیەکی ناوازە مامەڵەیان لەگەڵ کردم".

رۆدری روونیکردەوە بەرپرسانی بارسێلۆنا هیچ گوشارێکیان نەخستووەتە سەر و وەک خێزانێک مامەڵەیان لەگەڵ کردووە، هەروەها بایکۆتکردنی رێورەسمی خەڵاتی باڵۆندۆر لەلایەن ریال مەدریدەوە هیچ پەیوەندییەکی بە بڕیارەکەیەوە نەبووە، چونکە ئەو خۆی لە جەنجاڵی میدیایی بەدووردەگرێت و تەنیا سەرنجی لەسەر تۆپی پێیە.

رۆدری پێشتر لەگەڵ یانەی مانچێستەر سیتی پرێمەرلیگ و چامپیۆنزلیگی بەدەستهێنابوو و وەک باشترین یاریزانی جیهان بۆ ساڵی 2024 دەستنیشانکرا، بەر لەوەی بڕیاری گەڕانەوە بۆ لالیگا بدات و درێسی بارسێلۆنا بپۆشێت.

المصدر: krd24.netعبر: رووداو

أخبار ذات صلة