انتقل إلى المحتوى
krd24.netkrd24.net

لامینی پۆرتوگالی دەرکەوت

لامینی پۆرتوگالی دەرکەوت

دیجیتاڵ

یاریزانێکی گەنجی بەتوانای هاوشێوەی لامین یامال لە فەرەنسا دەرکەوت، کە پۆرتوگالییە و لەشێوەی رووخسار و لە شێوازی یاریکردن کۆپییەکی تەواوی ئەستێرە ئیسپانییەکەی یانەی بارسێلۆنایە. ئەو لە تەمەنی 16 ساڵیدا لە چامپیۆنزلیگ دەرکەوت و ئەسیستێکی کرد! ئێستا یەکێتیی تۆپی پێی هەریەکە لە وڵاتانی جەزائیر، پۆرتوگال و فەرەنسا لە رکابەریدان بۆ رازیکردنی بۆ ئەوەی نوێنەرایەتی ئەوان بکات.

موزیان مەسلۆب، کوڕی وەلید مەسلۆبی یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی جەزائیرە، ئەو بەتوانایە سەرسوڕهێنەرەی لە تەمەنی 16 ساڵیدا لەگەڵ یانەی لانسی فەرەنسی پێشکەشی دەکات هەمووانی سەرسام کردووە.

ئەوەی زیاتر سەرنجەکانی بەلای موزیاندا بردووە ئەوەیە کە لە رووخساریدا زۆر بە لامین یامالی ئەستێرەی بارسێلۆنا و هەڵبژاردەی ئیسپانیا دەچێت، زێدەباری ئەوەش لە شێوازی یاریکردن زۆر بەو دەچێت و وەک ئەو بە قاچی چەپ یاری دەکات و لە بڕینی یاریزاناندا وەک لامین زۆر بەتوانایە.

موزیان پێشتر لە یەکەم یاریی فەرمیدا لە خولی فەرەنسا گۆڵی بردنەوەی بۆ لانس لەدژی یانەی نانت تۆمارکرد، تەنیا 15 چرکە دوای هاتنە ناو یاریگا!

ئەو هەفتەی رابردوو بەشداری لە یەکەم یاریی خۆی لە چامپیۆنزلیگیشدا بەرامبەر سلاڤیا پراگ کرد و تەنیا لە ماوەی 29 خولەکدا ئەسیستێکی دروستکرد و ئاستێکی باشی پێشکەش کرد.

بەشێک لە جوڵەی جەستەی لە جوڵەی لامین یامال دەچێت، بەتایبەتی لە کۆنترۆڵکردنی تۆپ و گۆڕینی ئاراستە و بەکارهێنانی قاچی چەپی!

ئەو یاریزانە بەڕەچەڵەک جەزائیرییە، بەڵام ئێستا نوێنەرایەتی هەڵبژاردەی خوار 17 ساڵانی پۆرتوگال دەکات، لەگەڵ ئەگەری نوێنەرایەتیکردنی فەرەنسا یان جەزائیر لە داهاتوودا! کە هەر لە ئێستاوە یەکێتیی تۆپی پێی ئەو سێ وڵاتە لە رکابەریدان بۆ رازیکردنی موزیان بە پۆشینی درێسی هەڵبژاردەی نیشتیمانیان.

موزیان مەسلۆب لەدایکبووی 8ـی تشرینی دووەمی 2009ـیە، لە یەکەم یاریی چامپیۆنزلیگ لەگەڵ لانس لە ماوەی کەمتر لەنیو کاژێردا 4 هەلی دروستکرد.

ئێستا هاندەرانی جەزائیر گوشارێکی زۆریان خستووەتە سەر یەکێتیی تۆپی پێی جەزائیر بۆ ئەوەی بتوانێت موزیان مەسلۆب رازی بکەن بۆ  هەڵبژاردەی نیشتمانی یاری بکات، کە بەدڵنیاییەوە ئەرکێکی ئاسان نابێت بۆ بەرپرسانی  یەکێتیی تۆپی پێی جەزائیر، چونکە هەردوو یەکێتیی تۆپی پێی فەرەنسا و پۆرتوگالیش کار بۆ هەمان ئامانج دەکەن، چونکە باوکی یاریزانەکە جەزائیرییە و دایکی پۆرتوگالییە و لە فەرەنسا لەدایکبووە و گەورە بووە.

 

المصدر: krd24.netعبر: رووداو

أخبار ذات صلة