دیجیتاڵ
یانەی ئامەدسپۆر راگەیێنراوێکی لەبارەی دەستکەوتنی بلیتی یارییەکانی یانەکە بڵاوکردەوە و لە یەک کاتدا 100 هەزار کەس داوای بلیتی یاریی یانەکەی بەرامبەر ئیستەنبوڵ باشاکشەهیر کردووە.
ئامەدسپۆر لە راگەیێنراوەکەیدا دەڵێت "هەموو رێککارێک دەگرنەبەر بۆ ئەوەی هاندەران بەشێوەیەکی دادپەروەر بتوانن بلیتی یارییەکانیان دەستبکەوێت و ئەو هاندەرانەشی کارتی ئامەدسپۆریان هەیە و پێشتر مافی بەدەستهێنانی پێنج بلیتیان هەبوو، دەکرێتە تەنیا 1 بلیت".
دەقی راگەیێنراوی یانەی ئامەدسپۆر
راگەیەندراوێک بۆ رای گشتی
لەبەر ئەوەی لەم دواییانەدا لەسەر فرۆشتنی بلیت و توانای گرتنەوەی یاریگا پرسیار لەلای ڕای گشتی دروست بووە، بە پێویستمان زانی بە شێوازێکی ڕاست، ڕوون و شەفاف هاوڵاتییان و هاندەرانمان ئاگادار بکەینەوە.
پڕۆسەی فرۆشتنی بلیت
لە پرۆسەکانی فرۆشتنی بلیتی یارییەکانی ئامەدسپۆر لە ڕێگەی سیستەمی "پاسۆ"(Passo)، هیچ کێشەیەکی تەکنیکی یان کارگێڕی لەلایەن یانەکەمانەوە رووی نەداوە. فرۆشتنی بلیتەکان لە چوارچێوەی یاسا و رێنماییە دیاریکراوەکاندا ئەنجام دەدرێت.
لە ئەنجامی پشکنینی تیمە پسپۆڕەکانی یانەکە و دانوستان لەگەڵ بەرپرسانی پاسۆ، هیچ کێشەیەکی تەکنیکی لە کارکردنی سیستەمەکەدا نەدۆزراوەتەوە.
لە کاتی کردنەوەی فرۆشتنی بلیتی یاریی ئامەدسپۆر – ئەستەنبوڵ باشاکشەهیر، زانیاریمان پێگەیشت کە لە یەک کاتدا زیاتر لە 100,000 کەس هەوڵیان داوە بچنە سەر پەڕەی فرۆشتنی بلیتی ئەم یارییە.
بۆیە بەهۆی ئەم جەنجاڵییە ناوازەیە و داواکارییە زۆرەوە، بلیتەکان لە ماوەیەکی زۆر کورتدا تەواو بوون.
لە ناو رای گشتیدا هەندێک جار توانای گرتنەوەی یاریگاکەمان بە نزیکەیی 33 هەزار کەس ئەژمار دەکرێت. بەڵام توانای گشتیی بەکارهێنراوی یاریگاکەمان 30,481 کەسە.
مەحاڵە لە هەموو یارییەکدا تەواوی ئەم توانایە بۆ فرۆشتنی گشتی بلیت بکرێتەوە.
جگە لەو بلیتە وەرزییانەی لە سەرەتای وەرزدا فرۆشراون؛ بەهۆی رێکارە ئەمنییەکان، شوێنی هاندەرانی میوان، ناوچە ئەمنییەکان، شوێنی پرۆتۆکۆڵ و راگەیاندن، شوێنی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، پڕۆژە کۆمەڵایەتییەکان، ئەو شوێنانەی بەپێی گردبەستەکەی دراوە بە بەڕێوەبەرایەتیی وەرزش و لاوان، بەشە بلیتەکانی گرووپە هاندەرەکان، سپۆنسەرەکان، شاندەکان، پێداویستییە رێکخراوەییەکانی دیکە، ژمارەی ئەو بلیتانەی دەکەونە فرۆشتنی گشتییەوە لە خوار توانای گشتییەوە دەمێنێتەوە.
لەو 1,437 شوێنەی بۆ رێکارە ئاسایشپارێزەکان تەرخانکراون، بەپێی جۆری یارییەکە و دوای گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، هەندێکیان دەکرێت دووبارە بخرێنە بازاڕەوە بۆ فرۆشتن.
بە هەمان شێوە، ئەو هاندەرانەی بلیتی وەرزییان هەیە و ناتوانن بێن بۆ یارییەکە، ئەگەر شوێنەکانیان بە یانەکە بسپێرن، دووبارە دەخرێنەوە فرۆشتن.
بۆیە بەراوردکردنی راستەوخۆی توانای گشتیی یاریگاکە لەگەڵ ژمارەی بلیتە فرۆشراوەکان لە یارییەکدا، بەراوردکارییەکی دروست و تەندروست نییە.
تەنیا بۆ یاریی ئامەدسپۆر – ئەستەنبوڵ باشاکشەهیر، لە قۆناخی یەکەمدا 9,254 بلیت خرایە فرۆشتنی گشتییەوە و هەمووی فرۆشرا.
وەک دەستەی بەڕێوەبەری ئامەدسپۆر، ئاگاداری کەشوهەوا و هەستیاریی هاندەرانمانین لە دەستکەوتنی بلیتدا، بەتایبەت لە یارییە گرنگەکاندا.
بە لەبەرچاوگرتنی رەخنە و پێشنیارەکانی هاندەرانمان، بۆ ئەوەی دەرفەت بۆ هاندەرێکی زیاتر بڕەخسێندرێت و دادپەروەری لە دابەشکردنی بلیتدا بەهێزتر بکرێت، بڕیارێکی نوێ درا:
لەگەڵ ئەم بڕیارەدا، مافی کڕینی بلیت بۆ هەموو هەڵگرێکی کارتەکانی "ئامەدسپۆر پاسۆلیگ"کە پێشتر 5 بلیت بوو بۆ هەر کەسێک، کەمکرایەوە بۆ 1 بلیت.
جگە لەوەش، دوای گەیشتنی چەندین سکاڵا بۆ یانەکەمان و ئازادکردنی بەدواداچوون، دەرکەوتووە کە لە هەندێک هەژماری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ماڵپەڕەکاندا لەژێر ناوی فرۆشتنی بلیتدا فێڵ لە هاندەرانمان کراوە.
بۆ ئەوەی هاندەرانمان تووشی زیان نەبنەوە، تکایان لێدەکەین بە هیچ شێوەیەک لە دەرەوەی کەناڵە فەرمییەکان، بلیت لە هیچ کەس، هەژمار، یان پلاتفۆرمێک نەکڕن. رێکاری یاسایی پێویست بەرامبەر ئەو هەژمارانە گیراوەتە بەر.
ئامەدسپۆر نەک تەنیا لە پرسی بلیتدا، بەڵکو لە هەموو بابەتەکانی پێوەندیدار بە یانەکەوە، بە بەکارهێنانی ئیدارەدانێکی روون و شەفاف کە خەڵک دەکاتە بنەما، بەردەوام دەبێت لە زانیاریدان بە رای گشتی.
داواکارین لە رای گشتی تەنیا پشتیوانی راگەیەندراوە فەرمییەکانی یانەکەمان و زانیارییەکانی لایەنە پەیوەندیدارەکان ببن، نەک بانگەشە بێ بەڵگەکان.




