دیجیتاڵ
ئەمڕۆ بە بەشداری هەزاران کەس، تەرمی سیپان حوزنی، ئەو شەڕڤانەی لەلایەن چەند چەکدارێکی سووریاوە سەربڕدرا، لە پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان بە خاک سپێردرا.
بەشداربوونی بەخاکسپاردنەکە، بە گوتنەوەی دروشمی " شەهید نامرن" و بەرزکردنەوەی وێنەکانی، تەرمی سیپان حوزنییان بەڕێ کرد و بەخاکیان سپارد. شیوەنی کەسوکاری سیپان بۆ مەرگی کوڕەکەیان دیمەنی ناخهەژێنی رێوڕەسمەکە بوو.
سیپان حوزنی چەندین ساڵ لە ریزی هێزەکانی سووریای دیموکرات، هەسەدە، شەڕی دژی داعش و ئەو گرووپانە کرد کە دژی ئاشتی و پێکەوەژیانی نێوان نەتەوە و پێکهاتە جیاوازەکانی سوریا بوون، کوژرانی سیپان لە کاتێکدایە هەسەدە هەڵوەشێندراوەتەوە و هێزەکانی خراونەتە نێو چوارچێوەی سوپای سووریا.
کوژرانی سیپان و سەربڕینی لەلایەن چەند چەکدارێکەوە، کاردانەوەی زۆری لێکەوتووەتەوە، لە شارەکانی رۆژئاوای کوردستان خۆپێشاندان دژی ئەو تاوانە کرا، داوا دەکرێ ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە رووبەڕووی یاسا بکرێنەوە.




