دیجیتاڵ
دوای دابەزینی زیاتر لە 6٪ـی پێوەری بۆرسەی ئیستەنبووڵ و قووڵبوونەوەی قەیرانی ئابووری لە تورکیا، پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) داوای کرد پەرلەمانی تورکیا پێش لە وادەی دیاریکراوی خۆی لە 1ـی تشرینی یەکەمدا، کۆبوونەوەیەکی بەپەلە بکات.
لە راگەیێندراوێکدا کە بەناوی تولای هاتیمئۆغوڵڵاری و تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکانی دەم پارتییەوە بڵاوکرایەوە، هاتووە کە "ئاڵۆزیی درێژخایەنی هەڵاوسان، زیادبوونی مایەپووچبوون، قورسایی قەرزەکان، مەترسییە جیۆپۆلەتیکییەکان، گرانبوونی سووتەمەنی و لە کۆتاییشداەکانی بۆرسەی ئیستەنبووڵ، ناسەقامگیرییەکی گەورەیان دروست کردووە."
لە راگەیێندراوەکەدا هاوسەرۆکانی دەم پارتی ئاماژەیان بەوە کرد کە ئابووریی تورکیا تووشی قەیرانێکی قووڵ و "زستانێکی رەش"بووەتەوە و داوایان کرد، پەرلەمان بۆ گرتنەبەری رێکاری پێویست کۆببێتەوە.
دەم پارتی داوا دەکات لێخۆشبوون لە باجی سووتەمەنی بۆ جووتیاران و بەرهەمهێنەرە بچووکەکان، سەپاندنی باجی بەرز بەسەر قازانجی بانکەکان و رێکخستنەوەی قەرزی هاووڵاتییان و خاوەنکارە بچووکەکان لە چوارچێوەی هەنگاوەکاندا بن.
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "وەک دەم پارتی، ئامادەین پشتگیریی هەر هەنگاوێک بکەین و بەشداربین تێیدا کە لە بەرژەوەندیی کۆمەڵگەدا بێت و وڵات لەم تەنگانەیە رزگار بکات."
رۆژی چوارشەممە، 16ـی ئەیلوولی 2026، لە کاتی داخستنیدا بۆرسەی ئیستەنبووڵ بە رێژەی 5.54٪ دابەزی و پشکی بانکەکان دابەزینی بەرچاویان بەخۆوە بینی. هاوکات، هەندێک لە کۆمپانیاکانی بەڕێوەبردنی قەواڵە داراییەکان، مایەپووچبوونی خۆیان راگەیاند و ئەمە ناسەقامگیری لە بازاڕەکانی تورکیا دروست کرد.
پەرلەمانی تورکیا بەپێی دەستوور ساڵانە لە 1ـی تشرینی یەکەمدا وەرزی نوێی یاسادانان دەستپێدەکاتەوە. بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ، سەرۆکی پەرلەمان یان ژمارەیەکی دیاریکراوی پەرلەمانتاران دەتوانن داوای کۆبوونەوەی نائاسایی بکەن لە کاتی باری نەخوازراو و قەیرانە نیشتمانییەکاندا.




