دیجیتاڵ
دوای پشوویەکی درێژی هاوین، سبەی ساڵی خوێندنی 2026-2027 لە تورکیا و باکووری کوردستان دەستپێدەکات. بە فەرمانی وەزارەتی ناوخۆ، لە دامەزراوە پەروەردەییەکانی 81 پارێزگادا زنجیرەیەک رێوشوێنی ئەمنی گیراونەتەبەر. بۆ چاودێریکردنی هاتووچۆی قوتابخانەکان، 6 هەزار و 105 تیم لە 21 هەزار و 103 قوتابخانەدا ئەرکیان پێسپێردراوە و پاسی قوتابخانەکانیش پشکنینیان بۆ دەکرێت.
لە سەرانسەری تورکیا و باکووری کوردستان، سبەی دووشەممە 14ـی ئەیلوولی 2026، یەکەم زەنگی ساڵی نوێی خوێندن بۆ نزیکەی 18 ملیۆن قوتابی و ملیۆنێک و 200 هەزار مامۆستا لێدەدرێت. قوتابییان دوای پشووی هاوین دەگەڕێنەوە پۆلەکانیان. لەم چوارچێوەیەدا، لە زۆربەی پارێزگاکان ئامادەکارییەکان بۆ دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن تەواو بوون و رێکارەکان لە بوارەکانی پاکوخاوێنی، ئاسایش، گواستنەوە و خۆراکدا دەستیان پێکردووە.
تیمەکان لە بەردەم قوتابخانەکاندان وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، بۆ چاودێریکردنی هاتووچۆی قوتابخانەکان لە 81 پارێزگادا، 6 هەزار و 105 تیمی لە 21 هەزار و 103 قوتابخانەدا ئەرکدار کردووە. لە ساڵی خوێندنی 2025-2026دا، پشکنین بۆ 519 هەزار و 336 پاسی قوتابخانە کرابوو و 105 هەزار و 677یان سزادرابوون.
مستەفا چیفتچی، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە پەیامێکدا رایگەیاند، "کاری لەپێشینەمان، خوێندنی منداڵەکانمانە لە کەشێکی ئارام و سەلامەتدا. رێوشوێنە ئەمنییەکان بە وردی جێبەجێ دەکەین و بۆ سەلامەتیی منداڵەکانمان، ئارامیی خێزانەکان و ئاسایشی شارەکانمان، لەگەڵ هەموو دامەزراوەکاندا بەردەوام دەبین لە کارەکانمان."
پشکنین بە ئامێری ئەلیکترۆنی لە ئیستەنبووڵ، تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵ و دارستانی پارێزگاکە، سبەی پشکنین بۆ فرۆشگەی قوتابخانەکان دەکەن. هەروەها 3 هەزار و 13 کارمەندی باخچەکان کە لەلایەن پۆلیسەوە راهێنانیان پێکراوە، دەست بەکار دەبن. ئەمساڵ، بە فەرمانی پارێزگاری ئیستەنبووڵ، سەرجەم قوتابخانەکانی شارەکە بە ئامێری پشکنینی ئەلیکترۆنی (سکانەر)یان بۆ دابین دەکرێت و لە کاتی پێویستدا پشکنینی پێویست ئەنجام دەدرێت. هەروەها 8 هەزار و 500 کارمەندی پاککەرەوە لە قوتابخانەکانی ئیستەنبووڵدا دەستبەکار دەبن.
لە ئیستەنبووڵ گواستنەوە بەخۆڕاییە لە ئیستەنبووڵ، رۆژی دووشەممە 14ی ئەیلوول، لە کاژێر 06:00 تاوەکو 16:00 هۆکارەکانی گواستنەوەی گشتیی بەخۆڕایی دەبن. بەپێی بەدواداچوونی پارێزگای ئیستەنبووڵ، لە یەکەم رۆژدا نزیکەی 19 هەزار پاسی قوتابخانە و هەزاران ئۆتۆمبێلی تایبەتیی باوان لەسەر شەقامەکان دەبن. بۆ رێگریکردن لە قەرەباڵخیی هاتووچۆ، سبەی دەوام لە قوتابخانەکاندا لە کاژێر 10:00ی بەیانی تاوەکو 15:00ی پاشنیوەڕۆ دەبێت و لە رۆژی سێشەممەوە کاتەکان ئاسایی دەبنەوە.
هەروەها 45 تیمی گەڕۆکی قوتابخانەکان (MOT) لە 39 قەزادا ئەرکدار دەبن بۆ ئەوەی بە خێرایی مامەڵە لەگەڵ هەر کێشەیەکی ئەمنیدا بکەن.
پشکنینی پاسی قوتابخانەکان پاسەکانی قوتابخانە لە ئیستەنبووڵ بۆ دڵنیابوون لە گواستنەوەیەکی سەلامەت و ئاسوودە بۆ قوتابییان، پشکنینی وردیان بۆ دەکرێت. لە پشکنینەکاندا، لە کۆی هەزار و 221 پاس، لە 738یاندا هەزار و 810 حاڵەتی سەرپێچی تۆمارکراون. بڕیارە تاوەکو کۆتایی ساڵ پشکنین بۆ 5 هەزار و 709 پاسی دیکە بکرێت و ئەو پاسانەی تەمەنیان لە 15 ساڵ زیاترە، رێگەیان پێنادرێت وەک پاسی قوتابخانە کار بکەن.
هۆکاری رێوشوێنە تووندە ئەمنییەکان رۆژی 14ی نیسانی 2026، لە قەزای سێوەرەگی رووها، قوتابییەک بە چەک هێرشی کردە سەر قوتابخانەی پیشەیی و تەکنیکیی ئەحمەد کۆیونجو و لە ئەنجامدا 10 خوێندکار، 4 مامۆستا، پۆلیسێک و کارمەندێکی قوتابخانەکە بریندار بوون. هێرشکارەکە دوای چالاکییەکە بە هەمان چەک خۆی کوشت.
رۆژێک دوای ئەوە، لە 15ی نیسانی 2026، لە پارێزگای مەرەش، خوێندکارێکی پۆلی 8 بە ناوی عیسا ئاراس مەرسینلی، بە چەک هێرشی کردە سەر قوتابخانەی ناوەندیی ئایسەل چالیک. لەو هێرشەدا 9 خوێندکار و مامۆستایەک کوژران و 13 کەسی دیکەش بریندار بوون.




