دیجیتاڵ
گوتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، رێبەری نوێ دەتوانێت فەتوایەکی نوێ لەسەر چەکی ئەتۆمی بدات.
رۆژی چوارشەممە، 23ـی ئەیلوولی 2026، حەسەن قەشقاوی، گوتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران، بەئاماژەدان بە ئامادەکردنی پڕۆژەیاسایەک بۆ چوونەدەرەوەی ئێران لەپەیماننامەی قەدەخەکردنی بڵاوکردنەوەی چەکی ئەتۆمی (ئێن پی تی) رایگەیاند: "ئێمە شەڕخواز نین و وەک هەر وڵاتێکی دیکە بەدوای ئارامی، گەشەپێدان و سەقامگیری دا دەگەڕێین، بەڵام پرسیارە سەرەکییەکە کە پێش پرسی ئەتۆمی دەکەوێت ئەوەیە کە ئەمانە چۆن بەدەست دێن؟ ئەمەش کاتێک بەدی دێت کە ئێمە بگەینە قۆناخی بەربەست و رێگریی دڵنیایی خۆپارێزی، ئیدی چ رێگرییەکی سەربازی بێت یان رێگریی دیپلۆماسی و ئابووری. هەر کاتێک گەیشتینە ئەم رێگرییە، ئیدی جەنگ روونادات."
گوتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران دەڵێت، تاوەکو ئەو کاتەی نەگەینە قۆناخی خۆپارێزیی تەواوەتی، هەر جۆرە دانوستاندنێکی دیپلۆماسی و هەر جۆرە کارێکی سەربازی و بەرگری، رەنگە ببێتە هۆی جەنگێکی نوێ لەداهاتوو دا.
حەسەن قەشقاوی گوتی: "لەپرسی دڵنیایی بەرگری دا، هەندێک کەس وڵاتانی وەک کۆریای باکوور و ململانێی نێوان هیندستان و پاکستان وەکو نموونە دەهێننەوە. یان تەنانەت دەگوترێت بۆچی شەڕەکانی دیکەی پەیوەندیدار بەمانە تاوەکو ئەمڕۆ بەردەوام نەبوون و پەرەیان نەسەندووە؟ وەڵامەکە ئەوەیە کە ئەم وڵاتانە لەدۆخی مەترسی لەسەر بوونیان دا، بۆمبی ئەتۆمییان هەیە، بۆیە ئەگەر ئێمەش لەشەڕی مان و نەمان دا بۆمبی ئەتۆمییمان هەبێت، گەلەکەمان ئازار ناچێژێت و خولی چەوتی دانوستاندن، ئاگربەست و هێرشی دووبارە، دووبارە نابێتەوە."
قەشقاوی ئاماژەی بەوەش کرد: "راستییەکە ئەوەیە تاوەکو ئەو کاتەی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی شۆڕش لەژیان دا بوو، بەهۆی ئەوەی فەتواکەی، حەرامکردنی هەر جۆرە بەکارهێنانێکی چەکی ئەتۆمی بوو، ئێمە بەدوای گۆڕینی سیاسەتی ئەتۆمی دا نەبووین؛ بەڵام ئەوەی کە دوژمن خۆی دروستی کرد، واتە شەهیدکردنی رێبەرە شەهیدەکەمان، زەوینەیەکی سروشتی، شەرعی و فیقهی رەخساندووە کە رێبەری نوێ دەتوانێت لەهەموو بوارە فیقهییەکان دا، لەنوێژەوە بگرە تاوەکو بابەتی ئەتۆمی، فەتوایەکی نوێ بدات."
بەگوتەی قەشقاوی، ئەمریکا و رۆژئاوا، بەویستی خۆیان بێت یان نا، زەوینەیەکیان رەخساندووە کە رێبەری نوێ وەک موجتەهید مافی ئەوەی هەبێت فەتوایەکی نوێ بدات و کەسیش ناتوانێت رێگری لەم فەتوایە بکات. بەڵام سەبارەت بەوەی ئایا جەنابیان فەتوای باوکی خۆیان گۆڕیوە یان نا، شتێکم نەبیستووە و بەرپرسانی ئێمەش شتێکیان دەرنەبڕیوە.
گوتەکانی قەشقاوی لەکاتێک دان، کە لەچەند رۆژی رابردوو دا بەرپرسانی پلە باڵای ئێران، باسیان لەپێویستیی چوونەدەرەوەی ئێران لەپەیماننامەی (ئێن پی تی) کردووە و لەم پەیوەندییەش دا پڕۆژەیاسایەک پێشکەشی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی ئێران کراوە.




