دیجیتاڵ کۆبوونەوەی نێوان نوێنەرانی ئێران و ئەمریکا کاردانەوەی لێکەوتەوە و میدیای نزیک لە سوپای پاسداران بە "گاڵتەجاڕی"ناوی دەبات و داوا دەکات عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران داوای لێبوودن بکات. سەرەتا راگەیەندرا کۆبوونەوەکەی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا راستەوخۆ بووە، بەڵام دواتر میدیای ئێران و بەرپرسانی ئەمریکا رایانگەیاند، کۆبوونەوەکە ناڕاستەوخۆ و بە نێوەندگیریی قەتەر بووە.
ئاژانسی تەسنیمی نزیک لە سوپای پاسداران، لە راپۆرتێکدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە کۆبوونەوەکە لە نێوان عەباس عێراقچی و ستیڤ ویتکۆف بووە و پاساوی کۆبوونەوەش بە "منداڵانە و گاڵتەجاڕانە"وەسف کردووە.
ئاژانسەکە، ئاماژەی بە لێدوانی ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران کردووە کە رایگەیاندبوو، "ستیڤ ویتکۆف زۆر پێداگری لەسەر ئەنجامدانی کۆبوونەوەکە کرد، بۆیە عێراقچی قبووڵی کرد."تەسنیم لەمبارەوە دەڵێت، "ئەم پاساوە سووکایەتییە بە هەستی خەڵک و زۆر لە کۆبوونەوەکە خراپترە."
هەروەها، ئاژانسەکە پاساوی ئەوەی کە عێراقچی مەرجەکانی ئێرانی راستەوخۆ داوەتە نوێنەری ئەمریکا، بەلاوە پەسند نییە و دەڵێت، "پێش دوو هەفتە مەرجەکان لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە گەیشتوونەتە ئەمریکا، بۆیە جەختکردنەوە لەسەر مەرجەکان ناتوانێت پاساوێکی راست بێت بۆ ئەنجامدانی دیدارەکە."
ئاژانسی تەسنیم، ئەوەش دەڵێت کە ناوەندەکانی بڕیاردان لە ئێران جەختیان لەوە کردووەتەوە "ئەم دیدارە پێچەوانەی بەرژەوەندیی نیشتمانییە و نابێت بکرێت. داوای روونکردنەوە لە عێراقچی دەکات کە بە کام مۆڵەت ئەو دیدارەی کردووە؟.
لە کۆتاییدا، تەسنیم دەنووسێت، "کاتێک ئەمریکا هەموو رێگەیەکی گرتووەتەبەر بۆ ئەوەی لە ژێر گوشاردا ئێران خۆی رادەست بکات، دیداری لەم چەشنە دیارییەکی گەورەیە کە پێشکێشی ئەمریکا دەکرێت، لانیکەم لەم بارەوە دەبێت عەباس عێراقچی داوای لێبووردن بکات."




