دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئێران دەڵێ، لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان پەیوەندیی زۆر باشیان هەیە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، "نیگەرانیمان لە خاکی ئەوانەوە نییە، بەڵام لە هەر شوێنێکەوە مەترسی لەسەر ئاسایشمان بێت، هیچ سڵکردنەوەیەک لە کەس ناکەین''.
عەلی زەینیوەند، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا باسی لە پەیوەندیی وڵاتەکەی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە کرد و رایگەیاند، مامەڵەی باشیان لەگەڵ هەموو وڵاتانی دراوسێیان هەیە، لەنێویاندا عێراق و هەرێمی کوردستان.
بەگوتەی عەلی زەینیوەند، بۆ هاوئاهەنگیی زیاتر، بەردەوام کۆبوونەوە لەنێوان پارێزگاران، وەزیران و بەرپرسانی ئێران لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق بەڕێوەدەچێت، ''بۆیە هەست بە هیچ نیگەرانییەک لەلایەن خاکی ئەوانەوە ناکەین''.
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئێران سەرەڕای ئەوەی باس لە پەیوەندییەکی باشی وڵاتەکەی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات، هۆشداریش دەدات کە ''ئێران بۆ دابینکردنی ئاسایشی خۆی لە هەر شوێنێکەوە کە مەترسی لەسەر بێت، هیچ سڵکردنەوەیەک لە کەس ناکات''.
عەلی زەینیوەند بەبێ ئاماژەدان بە هیچ لایەنێک دەڵێت: ''کاتێک ئێوە بنکە دەدەنە گرووپێک یان دووژمنێکی دەرەکی کە دێت و لەو بنکەیەوە هێرش دەکاتە سەر وڵاتەکەمان، دەکرێت گاڵتە بە ئاسایشی وڵات بکرێ؟''
قسەکانی گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئێران لەکاتێکدایە، لە سەرەتای جەنگی 40 رۆژەوە کە 28ـی شوباتی ئەم ساڵ دەستیپێکرد، هێزە چەکدارەکانی ئێران زیاتر لە هەزار درۆن و مووشەکیان ئاراستەی هەرێمی کوردستان کردووە.
رێککەوتنێکی ئەمنیش هەیە لەنێوان ئێران و عێراق کە رۆژی 19ـی ئاداری 2023 لە بەغدا بۆ هاوئاهەنگی لە رووی پاراستنی سنووری هاوبەشی دوو وڵاتەکە واژۆ کرا.
تاوەکو ئێستا چەندین جار حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کە ئەندامن لە هاوپەیمانیی کوردستانی رایانگەیاندووە، پابەندن بە رێککەوتنەکە، سەروەریی خاکی هەرێمی کوردستان و عێراق پێشێل ناکەن و هێزەکانیان لە سنوورەکان ناپەڕنەوە، بەڵام ئێران هەر بەردەوام بووە لە هێرشکردنە سەر بنکە و بارەگاکانیان.




