انتقل إلى المحتوى
krd24.netkrd24.net

ترەمپ یاسایەکی نوێ بۆ سەپاندنی سزای بەرفراوان بەسەر رووسیادا واژۆ دەکات

ترەمپ یاسایەکی نوێ بۆ سەپاندنی سزای بەرفراوان بەسەر رووسیادا واژۆ دەکات

دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەمریکا یاسایەکی نوێی تایبەت بە سەپاندنی سزای نوێ بەسەر رووسیادا واژۆ کرد، بە ئامانجی دروستکردنی گوشار لەسەر مۆسکۆ بەهۆی جەنگی ئۆکرایناوە، ئەوەش دوای ئەوەی کۆنگرێس دوای چەندین مانگ لە دواکەوتن پەسندی کرد.

یاساکەی رۆژی شەممە 19-09-2026، کەرتی وزە و بەرگریی رووسیا دەکاتە ئامانج، لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا و بەرپرسانی باڵای دیکەی وڵاتەکە. هەروەها بەلەم و کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی ناسراو بە (کەشتیگەلی سێبەر) دەکاتە ئامانج کە مۆسکۆ بۆ خۆدزینەوە لە سزاکانی رۆژئاوا بەکاریان دەهێنێت.

یاساکە دەسەڵات دەداتە ترەمپ تاوەکو 100٪ پێناسی گومرگی بەسەر ئەو وڵاتانەدا بسەپێنێت کە کڕیاری سەرەکیی نەوت و گازی رووسیان، لە سەرووشیانەوە چین و هیندستان، بە ئامانجی بڕینی داهاتی جەنگی مۆسکۆ.

رۆژی چوارشەممە 16-09-2026، ئەنجوومەنی نوێنەران بە سەرۆکایەتیی کۆمارییەکان بە 262 دەنگی (بەڵێ) بەرامبەر 159 دەنگی (نەخێر) پڕۆژەیاساکەی پەسند کرد و ترەمپیش واژۆی لەسەر کرد. یاساکە ئەو کۆمپانیا و لایەنە بیانییانەش دەکاتە ئامانج کە پاڵپشتیی سوپای رووسیا دەکەن.

بەخشینی دەسەڵاتی فراوان بە ترەمپ بۆ سەپاندنی پێناسی گومرگی ناکۆکیی لەنێو دیموکراتەکان دروستکرد، کە هەرچەندە زۆربەیان پاڵپشتی لە ئۆکراینا دەکەن، بەڵام دژی ئەوە بوون دەسەڵاتی زیاتری بازرگانی بدەنە ترەمپ.

ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە ئێکس نووسی، ئەم یاسایە، "ئامرازێکی زۆر بەهێزە بۆ راگرتنی ئەم جەنگە و گەیاندنی رووسیا بەو خاڵەی کە ناچار بێت بە ئاشتی."

لە بەرامبەردا، رۆژی شەممە وەزارەتی بازرگانیی چین رایگەیاند، مافی ئەوە بۆ خۆی دەپارێزێت "هەموو رێوشوێنێکی پێویست بگرێتەبەر بۆ پاراستنی سەروەریی نیشتمانی و بەرژەوەندییەکانی گەشەپێدان، لەگەڵ مافە رەواکانی کۆمپانیا چینییەکان." 

هیندستانیش رایگەیاند، لە کڕینی نەوت بەردەوام دەبێت. نیودێلهی سەرەڕای گوشارەکانی رۆژئاوا، لە کاتی قەیرانی وزەی پەیوەست بە جەنگی ئەمریکا و ئێران دا، رووی لە کڕینی نەوت لە مۆسکۆ کردووە.

واژۆکردنی ئەم یاسایە لەلایەن ترەمپەوە هەفتەیەک پێش کۆبوونەوەی دێت لەگەڵ شی جینپینگ، سەرۆکی چین لە واشنتن.

المصدر: krd24.netعبر: رووداو

أخبار ذات صلة