دیجیتاڵ
مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای هیندستان رایگەیاند، ئەمریکا و ئیسرائیل سیاسەتی "دابەش بکە و زاڵبە"پەیڕەو دەکەن و دەیانەوێت وڵاتانی عەرەبی دژی ئێران یەکبخەن. راشیگەیاند، وڵاتەکەی بەدوای چەکی ئەتۆمەوە نییە.
سەرۆککۆماری ئێران باسی لە مەرامی واشنتن و تەلئەڤیڤ لە ناوچەکە کرد و گوتی: "نیازی ئەوان ئەوەیە وڵاتانی عەرەبی لە دژی ئێران یەکبخەن بۆ ئەوەی شەڕ دروستببێت؛ کاتێکیش شەڕ رووبدات، نەوت و سامانی ناوچەکە دەبەن و لە بەرامبەریشدا چەک بەو وڵاتانە دەفرۆشن."
سەبارەت بە پەیوەندییە هەرێمییەکانیش، پزیشکیان روونیکردەوە کە پەیوەندییان لەگەڵ ئیمارات، عەرەبستانی سعودی، پاکستان، قەتەر، رووسیا و چین دۆستانەیە و "کێشەی سەرەکی لە ناوچەکەدا بوونی بنکەکانی ئەمریکایە."
لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمیی وڵاتەکەیەوە، سەرۆککۆماری ئێران گوتی: "ئەگەر بەدوای چەکی ئەتۆمەوە بووینایە، نەدەبووینە ئەندام لە پەیماننامەی قەدەخەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی (NPT). ئێران پابەندی پەیماننامەکەیە و بەدوای بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمەوە نییە، هاوکات بۆ گفتوگۆ لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکاندا ئامادەیە."
پزیشکیان ئەوەشی خستەڕوو ئێران دەستپێشخەری هیچ جەنگێک نەبووە و تەنیا بەرگریی لە خۆی کردووە و گوتی: "ئێران بەدوای شەڕەوە نییە، بەڵام بە سەپاندنی سزا، رێگریکردن لە دەرمان و خۆراک و گوشارخستنەسەر خەڵک چۆک دانادات؛ تاکە رێگەش راگرتنی دەستدرێژی و تاکڕەوییەکانی ئەمریکایە."
ئەم لێدوانانەی پزیشکیان لەکاتێکدان رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند: "گوتەکانی سەرۆکی ئەمریکا راستن کە ئێران هەوڵدەداتەوە چەکی ئەتۆم بەدەستبهێنێت."نەتەنیاهوو هەڕەشەی کرد و گوتی: "توانای ئەتۆمیی ئەوانمان تێکشکاند، بەڵام هەوڵی بنیاتنانەوەی دەدەن."




