انتقل إلى المحتوى
krd24.netkrd24.net

کەشتییەکی دیکە لە تەنگەی هورمز کرایە ئامانج

کەشتییەکی دیکە لە تەنگەی هورمز کرایە ئامانج

دیجیتاڵ

بەپێی زانیارییەکانی دەستەی چاودێریی کەشتیوانیی دەریایی، لە تەنگەی هورمز هێرش کراوەتەسەر کەشتییەک. ئەمەش مەترسییەکانی سەر هێڵەکانی دابینکردنی وزەی پەیوەندیدار بە ئێران زیاتر دەکات، بەتایبەت دوای ئەوەی سعودیە هێڵێکی گرنگی گواستنەوەی نەوتی داخست.

دەستەی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا، ناسراو بە(UKMTO) رایگەیاند، راپۆرتێکیان بەدەستگەیشتووە لەبارەی پێکانی کەشتییەک بە مووشەک یان بۆمب لە کاتی تێپەڕبوونی بە تەنگەی هورمزدا. بەپێی راگەیێندراوی دەستەکە، تاوەکو بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، ئاستی زیانەکان و رەوشی تەندروستیی ستافی کەشتییەکە نەزانراوە.

راپۆرتەکەی UKMTO دوای رۆژێک لە راگەیێندراوێکی سعودیە هات، کە تێیدا ئاماژەی بە داخستنی کاتیی هێڵی بۆریی رۆژهەڵات-رۆژئاوا کراوە وەک رێکارێکی خۆپارێزی، ئەوەش دوای هێرشێکی درۆنی کە ریاز و بەغدا پشتڕاستیان کردەوە لە خاکی عێراقەوە ئەنجام دراوە.

بەردەوامبوونی هێرشەکان لە جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، رەنگە نرخەکانی وزە بۆ ئاستێکی بەرزتر ببات، بەتایبەت دوای ئەوەی لە هەفتەی رابردوودا نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت ئاستی 100 دۆلاری تێپەڕاندەوە.

هێڵی بۆریی رۆژهەڵات-رۆژئاوا کە درێژییەکەی 1,200 کیلۆمەترە و بە نیمچەدوورگەی عەرەبیدا تێدەپەڕێت، لە شەش مانگی رابردوودا ببووە رێگەی سەرەکیی گواستنەوەی نەوتی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ بازاڕەکانی جیهان، لەو کاتەوەی تەنگەی هورمز بەهۆی جەنگەوە تا رادەیەکی زۆر داخراوە. ئەم هێڵە رۆژانە 4 بۆ 5 ملیۆن بەرمیل نەوتی دەگواستەوە، کە دەکاتە 4٪ بۆ 5٪ی کۆی پێداویستیی نەوتی جیهان.

تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێک بە فەرمی بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشکردنە سەر بۆرییەکە رانەگەیاندووە. دیمەنی مانگە دەستکردەکان دووکەڵی رەش نیشان دەدەن کە لە بەشێکی هێڵەکە لە باشووری مەدینەوە بەرزدەبێتەوە. وەزارەتی دەرەوەی سعودیە بێ ئەوەی ئاماژە بە زیانەکانی سەر پرۆسەی ناردنی نەوت بکات، رایگەیاند هێرشەکە برینداربوونی چەند کەسێک و زیانی مادیی لێکەوتووەتەوە و هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێت.

لای خۆشییەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ ئێرلەندا بە مەبەستی بەشداری لە تورنۆمێنتێکی گۆڵف لە یەکێک لە هاوینەهەوارەکانی، رایگەیاند پێدەچێت ئێران لەپشت هێرشەکەوە بێت.

لەلایەکی دیکەوە، بەرگریی شارستانیی سعودیە رۆژی شەممە ئاشکرایکرد، مووشەکێک کە لەلایەن حووسییەکانەوە تەقێندراوە لە ناوچەی جازان بووەتە هۆی برینداربوونی دوو کەس و زیانگەیاندن بە چەندین خانوو و باڵەخانە.

 

المصدر: krd24.netعبر: رووداو

أخبار ذات صلة