دیجیتاڵ
گوتەبێژی ئەمیندارێتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق زانیاری لەبارەی چاودێریی سەرچاوەی دارایی رێکخراوە نێودەوڵەتی و نێوخۆییەکان لە رێگەی نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارەوە دەخاتەڕوو؛ هەروەها هۆکاری دواکەوتنی مامەڵەی قەرەبووی زیانلێکەوتووانی شەڕ و تیرۆر ئاشکرا دەکات و رایدەگەیێنێت، لە نێو مامەڵەکاندا ساختەکاری و تەنانەت ناوی تیرۆریستانیش ئاشکرا کراوە.
رۆژی یەکشەممە، 27ی ئەیلوولی 2026، حەیدەر مەجید، گوتەبێژی ئەمیندارێتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق سەبارەت بە قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی شەڕ و تیرۆر، بە تۆڕی میدیاییی راگەیاند، دواکەوتنی مامەڵەی هاووڵاتییان بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە، لە سەرووی هەموویانەوە نەبوونی نەختینەی پێویست و کەمیی تەرخانکراوی دارایی لە یاسای بودجەدا بۆ قەرەبووکردنەوە، لەگەڵ پێویستیی ئەنجامدانی وردبینیی ئەمنی کە رێکارێکی پابەندییە، هاوکات بوونی کەموکوڕی لە زانیاریی بەشێک لە دۆسیەکان کە دەگەڕێندرێنەوە بۆ پارێزگاکان تاوەکو لەلایەن هاووڵاتییانەوە تەواو بکرێن.
لیژنەی ناوەندیی قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی شەڕ، تیرۆر و هەڵە سەربازییەکان یەکێکە لە لیژنەکانی سەر بە ئەمیندارێتیی گشتی و دادوەرێکی سەر بە ئەنجوومەنی باڵای دادوەری سەرۆکایەتیی دەکات و نوێنەری وەزارەتی ناوخۆ، دەزگا ئەمنییەکان، ئەنجوومەنی پارێزگاکان و ئەمیندارێتیی گشتی تێیدایە.
حەیدەر مەجید گوتی: "لیژنەی ناوەندی و لیژنە لاوەکییەکان لە پارێزگاکان توانیویانە ساختەکاری لە مامەڵەکاندا ئاشکرا بکەن. کەسانێک هەبوون بەپێی یاسا شایستەی قەرەبوو نەبوون، تەنانەت لە نێو مامەڵەکاندا ناوی تیرۆریستانیش هەبووە کە خرابوونە لیستی قەرەبووکردنەوەوە، هەربۆیە لیژنەی تایبەت بۆ پێداچوونەوە و وردبینیکردن لە سەرجەم مامەڵەکان پێکهێنراوە."
بۆ کەمکردنەوەی قەرەباڵخی و خێراکردنی پرۆسەکە، حەیدەر مەجید گوتی: "ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران، لیژنەی دووەمی ناوەندی پێکهێناوە و ئێستا دوو لیژنەی ناوەندی کار دەکەن. هاوکات دەسەڵات بە لیژنە لاوەکییەکانی نێو پارێزگاکان دراوە کە ئەو مامەڵانەی بڕی قەرەبووەکەیان لە خوار 50 ملیۆن دینارەوەیە، هەر لە پارێزگاکانەوە بڕیاری خەرجکردنیان بۆ بدرێ، تەنیا ئەو مامەڵانەی لە 50 ملیۆن دینار زیاترن رەوانەی لیژنەی ناوەندی لە بەغدا دەکرێن."
چاودێریی دارایی رێکخراوەکان بۆ رێگری لە سپیکردنەوەی پارە لە بارەی چاودێریکردنی سەرچاوەی دارایی رێکخراوە نێودەوڵەتی و نێوخۆییەکان، گوتەبێژی ئەمیندارێتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق روونی کردەوە، بەپێی یاسا سەرجەم رێکخراوەکان پابەند کراون کە راپۆرتی ساڵانەی کۆتایی و راپۆرتی وەرزی لەبارەی سەرچاوەی داهات و چۆنیەتیی خەرجکردنی پارەکانیان پێشکێش بکەن. گوتیشی: "فەرمانگەی رێکخراوەکان ئەندامە لە نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و تەمویلکردنی تیرۆر، هاوئاهەنگییەکی باڵا هەیە بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو پارانەی لە دەرەوەی عێراقەوە دێنە نێو رێکخراوەکان و ناسینەوەی لایەنی بەخشەر."
سەبارەت بە دەسەڵاتی ئەمیندارێتی لە بەدواداچوونی داواکاریی خەڵک و سکاڵا لە کاری فەرمانگەکان، حەیدەر مەجید گوتی: "فەرمانگەی هاوئاهەنگیی حکومی و کاروباری هاووڵاتییان لە ئەمیندارێتیی گشتی، لەڕێگەی دوو میکانیزمەوە مامەڵە لەگەڵ سکاڵاکان دەکات. یەکەمیان نووسینگەیەکە لە ناوچەی (کەڕادەی مەریەم) لە بەغدا کە راستەوخۆ پێشوازی لە هاووڵاتییان دەکات و کۆدی تایبەت بە سکاڵاکانیان دەداتێ. رێگەی دووەمیش لە رێگەی پۆرتاڵی ئەلیکترۆنیی (حکومەتی هاووڵاتیی ئەلیکترۆنی)یە کە بە سیستمێکی یەکگرتوو بە هەموو وەزارەت، پارێزگا و دەستە سەربەخۆکانەوە بەستراوەتەوە."
دڵنیاییشی دا کە ئەمیندارێتی لە رێگەی کۆبوونەوە و سەردانی مەیدانییەوە چاودێریی بەشەکانی کاروباری هاووڵاتییان لە سەرجەم دامەزراوەکان دەکات و گوتی: "لە کاتی هەبوونی هەر سکاڵایەک لەسەر کەمتەرخەمیی فەرمانگەکان لە وەڵامدانەوەی هاووڵاتییان، ئەمیندارێتیی گشتی راستەوخۆ بەدواداچوونی بۆ دەکات و کەمتەرخەمەکان رووبەڕووی لێپرسینەوە و سزای کارگێڕی دەکرێنەوە."




