انتقل إلى المحتوى
krd24.netkrd24.net

بەرپرسێکی یوئێن: لە عێراق نەچوونە قوتابخانە و وازهێنان لە خوێندن 10٪ـیە

بەرپرسێکی یوئێن: لە عێراق نەچوونە قوتابخانە و وازهێنان لە خوێندن 10٪ـیە

دیجیتاڵ

مەهدی عەلاق، راوێژکاری سندووقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتووان (UNFPA) لە عێراق، رایگەیاند، پارێزگای سلێمانی کەمترین رێژەی وەچەخستنەوەی لەسەر ئاستی عێراق تۆمارکردووە و رێژەی دەستبەرداربوون لە خوێندن لە عێراق 10٪ دەبێت و ئەوەش بە رێژەیەکی بەرز ناودەبات.

رێژەی وەچەخستنەوە تێکڕای ژمارەی منداڵبوونە بۆ هەر ژنێک لە تەمەنی نێوان 15 بۆ 49 ساڵیدا.

مەهدی عەلاق لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی، کە ئەمڕۆ چوارشەممە، 23ـی ئەیلوولی 2026، لەگەڵیدا کراوە دەڵێت: "لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی رابردوودا ئەو رێژەیە بۆ هەر ژنێکی عێراقی حەوت منداڵ بووە، بەڵام بەپێی سەرژمێریی گشتیی ساڵی 2024، بۆ 3.1 منداڵ لە عێراق و نزیکەی 2.6 منداڵ لە هەرێمی کوردستان دابەزیوە."

بەپێی گوتەی راوێژکارەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان، پارێزگاکانی باشووری عێراق و پارێزگای نەینەوا بەرزترین رێژەی منداڵبوونیان هەیە، لەکاتێکدا لە هەرێمی کوردستان رێژەکە بەرەو دابەزین چووە.

مەهدی عەلاق گوتی: "پارێزگای سلێمانی تێکڕای 2.4 منداڵبوونی بۆ هەر ژنێک تۆمارکردووە، ئەمەش نەک تەنیا لە هەرێمی کوردستان، بەڵکو نزمترین رێژەیە لەسەر ئاستی تەواوی عێراق. لە هەولێر رێژەکە گەیشتووەتە 2.6 و لە دهۆکیش 2.7 منداڵ بۆ هەر ژنێک، جیاوازییەکانی نێوان پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانیش هێندە زۆر نین."

سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی عێراق و هەرێمی کوردستان کە لە ساڵی 2024 ئەنجامدراوە، بەشێکی تایبەتە بە دۆخی کۆمەڵایەتی.

عەلاق ئاشکرای کرد کە تێکڕای تەمەنی پێشبینیکراو لە عێراق گەیشتووەتە 73 ساڵ و ئافرەتان تەمەندرێژترن لە پیاوان؛ بەجۆرێک تەمەنی پێشبینیکراوی ئافرەتان لەنێوان 74 بۆ 75 ساڵە و بۆ پیاوانیش لەنێوان 71 بۆ 72 ساڵدایە، ئەم تێکڕایەش لە هەرێمی کوردستان کەمێک بەرزترە لە پارێزگاکانی دیکە.

راوێژکاری سندووقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتووان هۆشداریی دا لە بەرزبوونەوەی رێژەی ئەو منداڵانەی ناچنە بەر خوێندن یان وازی لێدەهێنن و گوتی: "بەپێی یاسا دەبێت 100٪ـی منداڵان لە قۆناخی سەرەتاییدا لە قوتابخانە بن، بەڵام سەرژمێری دەریخستووە رێژەی دەستبەرداربوون لە خوێندن گەیشتووەتە نزیکەی 10٪، ئەمەش رێژەیەکی بەرز و مایەی نیگەرانییە."

عەلاق باسی لەوەش کرد کە ئەم کێشەیە زیاتر لە قۆناخەکانی ناوەندی و ئامادەییدا قووڵتر دەبێتەوە، بەڵام دۆخی هەرێمی کوردستان بەراورد بە ناوچەکانی دیکەی عێراق لەم رووەوە باشترە و رێژەی دەستبەرداربوون لە خوێندن تێیدا کەمترە.

المصدر: krd24.netعبر: رووداو

أخبار ذات صلة