دیجیتاڵ
دادگەیەکی تایبەتمەند بە دۆسیەکانی گەندەڵی لە بەغدا، بڕیاری زیندانیکردنی بۆ هەر دوو ژنە پەرلەمانتاری عێراق عالیە نوسەیف و ئەشواق سالم جبووری دەرکرد و پابەندیان دەکات بە گێڕانەوەی بڕێکی زۆر پارەش.
ئەو دوو پەرلەمانتارە لە هەڵمەتی ئۆپەراسیۆنی بەرەبەیانی 28ی حوزەیرانی 2026 لە چوارچێوەی دۆسیەی عەدنان جومەیلی، بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوتی عێراق دەستگیرکران.
عالیە نوسەیف، کە یەکێک بوو لە دەنگە دیارەکانی نێو پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بە سەرۆکایەتی محەممەد شیاع سوودانی و نوێنەری پارێزگای بەغدا، بە بڕیارێکی دیکەی دادگە بە سێ ساڵ زیندانیی سزا دراوە، بەهۆی شاردنەوەی زانیاری لە فۆرمی ئاشکراکردنی ساماندا.
دادگە بڕیاریداوە سزا قورسەکەیان جێبەجێ بکرێت، کە حەوت ساڵ زیندانییە.
هاوکات بڕیار دراوە بە گەڕاندنەوەی زیاتر لە 61 ملیار دینار، کە بەهای ئەو سامانەیە بە نایاسایی بەدەستیهێناوە. سامانەکە بریتییە لە 14.2 ملیار دیناری عێراقی و 12.4 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی، لەگەڵ پێبژاردنێک بە هەمان بڕ.
لە دۆسیەیەکی هاوشێوەدا، پەرلەمانتار ئەشواق سالم حەسەن جبووری، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان لە پارێزگای سەلاحەدین، بە هەمان تۆمەت سزا دراوە.
دادگە بڕیاریداوە بە گەڕاندنەوەی نزیکەی 12 ملیار دینار، کە بەهای ئەو سامانەیە بە نایاسایی بەدەستیهێناوە. سامانەکە بریتییە لە 2.1 ملیار دینار و 2.9 ملیۆن دۆلار، لەگەڵ پێبژاردنێک بە هەمان بڕ.
ئەویش هاوشێوەی عالیە نوسەیف، بە سێ ساڵی دیکەی زیندانی سزا دراوە بۆ شاردنەوەی زانیاری، بەڵام سزای قورستر جێبەجێ دەکرێت.
بۆ هەردوو دۆسیەکە، دادگە بڕیاری داوە دەست بەسەر سەرجەم سامانی گواستراوە و نەگواستراوەی ئەو دوو پەرلەمانتارەدا بگیرێت. هەروەها مافی بۆ دەستەی دەستپاکی فیدراڵی پاراستووە کە دوای تەواوبوونی بڕیارەکە بەشێوەیەکی یەکلاکەرەوە، داوای قەرەبووی زیانەکان بکاتەوە.
عالیە نوسەیف لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، 9524 دەنگ و ئەشواق سالم جبووری 7042 دەنگیان هێنابوو.




