دیجیتاڵ
فەرمانگەی تەندروستیی پارێزگای زیقار لە باشووری عێراق ڕایگەیاند، لە کاتی پشکنینی چێشتخانەکانی شاری ناسڕییە دەستیان بەسەر بڕێک گۆشتدا گرتووە و نموونەکەیان ڕەوانەی بەغدا کردووە تاوەکو لە جۆر و شیاویی بۆ خواردن دڵنیا ببنەوە؛ هاوکات ڕوونیدەکاتەوە کە بەپێی پشکنینی سەرەتایی دەرنەکەوتووە گۆشتی بەراز بێت.
رۆژی شەممە، فەرمانگەی تەندروستیی زیقار لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، تیمەکانی چاودێریی تەندروستی سەر بە کەرتی یەکەمی ناسرییە، رۆژی هەینی 18-09-2026 هەڵمەتێکی فراوانی پشکنینیان بۆ بەشێک لە چێشتخانەکانی نێو شاری ناسرییە ئەنجام داوە، ئەمەش لە چوارچێوەی بەدواداچوونی رۆژانە بۆ ئاستی پابەندبوون بە مەرج و رێنمایییە تەندروستییەکان.
بەپێی راگەیێندراوەکەی تەندروستیی زیقار، لە گەڕان و پشکنینەکاندا لە یەکێک لە چێشتخانەکان دەست بەسەر بڕێک گۆشتدا گیراوە و لە شوێنیەکە پشکنینی فیزیایی و سەرەتایی بۆ کراوە.
تەندروستیی زیقار لەبارەی گومانی بوونی گۆشتی بەراز رایگەیاندووە، "پشکنینی سەرەتایی بۆ ئەو بڕە گۆشتەی دەستی بەسەردا گیراوە ئاماژەی بەوە نەداوە کە گۆشتی بەراز بێت، لەگەڵ ئەوەشدا چەند نموونەیەکی لێ وەرگیراوە و رەوانەی تاقیگە تایبەتمەندەکانی شاری بەغدا کراوە تاوەکو پشکنینی وردی تاقیگەیییان بۆ ئەنجام بدرێت و لە شیاویی بۆ خواردنی مرۆڤ دڵنیا بینەوە."
فەرمانگەی تەندروستیی زیقار ئاماژەی بەوە کردووە، تەنیا ئەنجامی پشکنینە تاقیگەییە فەرمییەکان یەکلاکەرەوە دەبن بۆ دەستنیشانکردنی جۆری گۆشتەکە و شیاویی بۆ بەکارهێنان.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە کە دوای گەیشتنەوەی ئەنجامی تاقیگەکان لە بەغداوە، بەپێی رێنمایی و یاسا کارپێکراوەکانی تەندروستی، سەرجەم رێکارە یاسایی و تووندەکان بەرامبەر سەرپێچیکاران دەگیرێنەبەر.
ئەمە لە کاتێکدایە، هەفتەی رابردوو دادگای تاوانەکانی نەجەف لە 14ـی ئەیلوول، سزای 10 ساڵ زیندانیکردنی بەسەر کەسێکدا سەپاند کە بە تۆمەتی فرۆشتنی گۆشتی بەراز بە هاووڵاتییان و چێشتخانەکان دەستگیرکرابوو.




