دیجیتاڵ
بڕیارە هەفتەی داهاتوو پەرلەمانی عێراق کۆببێتەوە و لە دانیشتنەکەدا تەنگژەی سووتەمەنی لە عێراق و هەرێمی کوردستان تاوتوێ بکات.
فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق، کارنامەی دانیشتنی ژمارە (19)ـی بڵاوکردەوە کە بڕیارە رۆژی یەکشەممە، 20ـی ئەیلوولی 2026، کاژێر 1:00ـی پاشنیوەڕۆ بەڕێوەبچێت.
بەپێی کارنامەکە، تەوەری سەرەکیی دانیشتنەکە بریتی دەبێت لە "خستنەڕووی بابەتێکی گشتی بۆ گفتوگۆکردن سەبارەت بە تەنگژەی سووتەمەنیی ناوخۆیی، وەستان لەسەر هۆکار و لێکەوتەکانی، هەروەها تاوتوێکردنی ئەو رێکارە حکومییانەی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە گیراونەتەبەر".
هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق، رۆژی پێنجشەممە، 17ـی ئەیلوولی 2026، بە تۆڕی میدیاییی راگەیاند: "لەسەر داوای سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بانگهێشتی وەزیری نەوت و کادرانی باڵای وەزارەتەکە کراوە تاوەکو لەناو هۆڵی پەرلەمان روونکردنەوە لەسەر دۆخی سووتەمەنی و ئەو گرفتانە بدەن کە بوونەتە هۆی دروستبوونی قەیرانەکە لە عێراق و هەرێمی کوردستان."
هەرێم کەمال ئاغا راشیگەیاند: "داواکاریی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەریی دۆخی بەنزین لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە تاوەکو ئێستا بێوەڵامە؛ لەناو دانیشتنەکە باسی ئەوەش دەکرێت."
عێراق رۆژانە نزیکەی 30 هەزار مەترسێجا بەنزین بەرهەم دەهێنێت و بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانیش بەگوێرەی رێکارەکانی کۆمپانیای سۆمۆ، بەنزین هاوردەی عێراق دەکرێت.




