انتقل إلى المحتوى
krd24.netkrd24.net

کچە گەشتیارێکی چینی: لە شاری بابلی شوێنەواری رووبەڕووی هەڕەشەی دەستدرێژیی سێکسی بوومەوە

کچە گەشتیارێکی چینی: لە شاری بابلی شوێنەواری رووبەڕووی هەڕەشەی دەستدرێژیی سێکسی بوومەوە

دیجیتاڵ

کچە گەشتیارێکی چینی بۆ ئاشنابوون بە شارستانییەت و ناوچە شوێنەوارییەکان سەردانی عێراقی کردووە، بەڵام وەک خۆی باسی دەکات، لە کاتی سەردانی شاری بابلی شوێنەواری، رووبەڕووی هەراسانکردن و هەڕەشەی دەستدرێژیی سێکسی بووەتەوە.

کچە گەشتیارەکە کە ناوی "یان کۆ"یە گرتەیەکی ڤیدیۆیی تۆمار کردووە، تێیدا دەردەکەوێت لەلایەن کۆمەڵێک هەرزەکارەوە گێچەڵی سێکسی پێدەکرێت و دەستی بۆ دەبرێت.

هەروەها، گرتەیەکی ڤیدیۆیی دیکەی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، هەر لە هەمان شوێن و بۆ جاری دووەم رووبەڕووی گێچەڵی سێکسی بووەتەوە، کاتێک کارمەندێکی رێبەری گەشتیاریی شاری شوێنەواریی بابل، بە فێڵی روونکردنەوەی شوێنەکە، ئەوی بردووەتە شوێنێکی چۆڵ و تاریک و گێچەڵی پێکردووە؛ ئەمەش وای لێ کردووە تووشی ترسێکی زۆر ببێت پێش ئەوەی بتوانێت هەڵبێت.

عەقید عەمار شەمەری، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای بابل، رۆژی پێنجشەممە، 17ـی ئەیلوولی 2026، بە تۆڕی میدیاییی رایگەیاند، "بەدواداچوونمان بۆ ئەو دیمەنانە کردووە و دەرکەوتووە کە کۆنن، بە جلوبەرگەکاندا دیارە وەرزی زستانە و هیچ سکاڵایەکیش لەسەر ئەو بابەتە لە پۆلیسی بابل تۆمار نەکراوە".

گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای بابل ئاماژەی بەوەش کرد، پۆلیس لە شاری شوێنەواریی بابل رێکاری تووندی گرتووەتەبەر بۆ پاراستنی گەشتیاران، دەرەوەی شوێنەکە لەژێر دەستی پۆلیسدایە، بەڵام بەڕێوەبردنی ناو شاری شوێنەواریی بابل لە ئەستۆی بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و کەلەپوورە و هیچ پەیوەندییەکی بە پۆلیسەوە نییە.

هەروەها د. عەلی شەلغەم، سەرۆکی دەستەی گشتیی شوێنەوار و کەلەپووری عێراق بە تۆڕی میدیاییی گوت: "بەدواداچوونمان بۆ ئەو بابەتە کردووە و ڤیدیۆکە کۆنە، ئەوانەی لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەون جلی زستانەیان لەبەردایە".

شەلغەم هەروەها گوتی: "ئەو گەشتیارە هیچ سکاڵایەکی تۆمار نەکردووە و دوای گەڕانەوەی بۆ وڵاتەکەی خۆی باسی کردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بڕیارمان داوە بەپەلە لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە پێکبهێندرێت و خۆشم سەردانی بابل دەکەم".

بەگوتەی سەرۆکی دەستەی گشتیی شوێنەوار و کەلەپووری عێراق، لە شاری بابلی شوێنەواری دوو شەفت دەوام هەیە و باس لەوە دەکرێت کە گەشتیارەکە لە دەرەوەی کاتی دەوام چووەتە شوێنەکە. گوتیشی، "لێکۆڵینەوە دەکەین چۆن و کێ رێگەی پێداوە، لەگەڵ فەریق سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی بابل قسەمان کردووە و لێکۆڵینەوەی جددی دەکەین. ئەمە بێڕێزییە بەرامبەر عێراق و هەرکەسێک تێوەگلابێت، سزای یاسایی خۆی وەردەگرێت".

لەوبارەیەوە، عەلی یاسین، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری عێراق، رۆژی پێنجشەممە، 17ـی ئەیلوولی 2026، بە تۆڕی میدیاییی رایگەیاند، گرتە ڤیدیۆییەکانیان بینیوە کە تێیدا کۆمەڵێک هەرزەکار گێچەڵ بە گەشتیارەکە دەکەن، کە دوورە لە دابونەریتی عێراقییەکان کە میواندۆستن و رێز لە میوان دەگرن.

بەگوتەی گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری عێراق، ئەو کچە لە رێگەی کۆمپانیای گەشتیارییەوە نەهاتووەتە عێراق و بەفەرمیش ئاگادار نەکراونەتەوە، بەڵام دەبێت رێکاری پێویست و تووند بگیرێتەبەر بۆ ئەوەی کاری لەو شێوەیە دووبارە نەبێتەوە، کە کاریگەریی خراپ لەسەر ناوبانگی عێراق دروست دەکات.

سەرەڕای ئەزموونە ناخۆشەکەی، گەشتیارەکە باسی لەوە کردووە کە گێچەڵی سێکسی "دیاردەیەکی جیهانییە"و نایەوێت وێنەیەکی نەرێنی لەسەر عێراق دروست بکات، ئاماژەی بەوەش کردووە کە چاوی بە زۆر کەسی میهرەبان کەوتووە و پێشوازیی گەرمیان لێ کردووە.

هەروەها روونی کردووەتەوە، لەبەر خولیای زانین و ئاشنابوون سەردانی عێراقی کردووە، بەڵام دوای گەڕانەوەی بۆ وڵاتەکەی، بۆی دەرکەوتووە کە گێچەڵپێکردنی ژنان لە عێراق زۆرە و چەندین بەڵگەی دیکەی لەوبارەیەوە دەستکەوتووە.

لە کۆتایی ڤیدیۆکەدا، گەشتیارەکە دەپرسێت: "ئەگەر ئەو وەک گەشتیارێکی بیانی رووبەڕووی دۆخێکی وا بووبێتەوە، ئەی دەبێت چارەنووسی ژنانی عێراق چی بێت کە رووبەڕووی هەمان دۆخ دەبنەوە و چۆن دەتوانن بە سەلامەتی سکاڵا تۆمار بکەن؟".

المصدر: krd24.netعبر: رووداو

أخبار ذات صلة