دیجیتاڵ
بەرپرسێکی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی رایگەیاند، لیژنەکانی هاوپەیمانییەکە بەردەوامن لە دانوستاندن لەبارەی سنووردارکردنی چەک و یەکێک لە بەربەستەکانی بەردەم گرووپە چەکدارەکان پێشاندانی پرۆسەکەیە وەک "چەکدانان"و دەشڵێت: "رێککەوتنەکە وایە کە چەکی گرووپەکان لە دەستەی حەشدی شەعبی تۆمار بکرێت و بخرێتە ژێر رکێفی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانەوە."
عەقیل ردێنی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر بە تۆڕی میدیاییی راگەیاند، لیژنەکانی سەر بە هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی کارەکانیان تەواو نەکردووە و بەردەوامن لە گفتوگۆ لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتنی کۆتایی لەبارەی سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەت و چەند بەربەستێک لە بەردەمیاندا ماوە.
نوجەبا و هەردوو کەتیبەکانی حیزبوڵڵا و سەیدولشوهەدا لەو گرووپانەن کە تاوەکو ئێستا بەفەرمی بەشدار نین لە پرۆسەی سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا.
عەقیل ردێنی گوتی: "هەندێک لە گرووپەکان تێبینی ئەوەیان هەیە ئەگەر پرۆسەکە وەک چەکدانان مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، وەک بێدەسەڵات لێیان بڕوانرێت، هەروەها تێبینییەکی دیکەیان ئەوەیە کە ئەمریکییەکان داوای وەرگرتنەوەی چەک لەوان دەکات و لەلایەکی دیکەوە چەک دەدەنە گرووپی دیکە."
30ـی ئەیلوول دوا وادەی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە داعشە لە عێراق، کە مەرجی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێرانیشە بۆ بەشداریکردن لە سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا.
هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان لیژنەیەکی سێ کەسیی پێکهێناوە بۆ دانوستاندن لەگەڵ ئەو سێ گرووپە چەکدارەی کە تاوەکو ئێستا ئامادە نین بەشداربن لە سنووردارکردنی چەکدا.
عەقیل ردێنی رایگەیاند، پێشڤەچوون لە دانوستاندنەکاندا هەیە بەوەی چەکی ئەو گرووپانە لەژێر دەسەڵاتی دەستەی حەشدی شەعبیدا بێت، کە ئەویش لەژێر دەسەڵاتی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکاندایە.




