دیجیتاڵ
نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند، حکومەت دەستی کردووە بە لێپێچینەوە لە فەرماندە و بەرپرسە ئەمنییەکان کە کەمتەرخەم بوون لە بەرامبەر هێرشکردنە سەر سعودیە. دەشڵێت، هەر لایەنێک بسەلمێت کە دەستی لەو هێرشانەدا هەبووە، لێپێچینەوەی لەگەڵ دەکرێت.
ئەو گوتانەی نووری مالیکی لە کۆبوونەوەیەکیدا بووە لەگەڵ عیرفان سدیق، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق، کە چوارشەممە 16ی ئەیلوولی 2026 لە بەغدا کرا.
بەگوێرەی راگەیێنراوێکی نووسینگەی رۆژنامەوانیی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، لەو کۆبوونەوەیەدا نووری مالیکی ئاماژەی بەو لیژنەی لێکۆڵینەوەیە کردووە کە عەلی فالح زیدی، سەرۆکوەزیران پێکیهێناوە لەبارەی ئەو هێرشانەی کرانەتە سەر سعودیە و لیژنەکە لە کارەکانی بەردەوامە.
11ی ئەیلوولی 2026، حکومەتی عێراق لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی پێکهێنا لەبارەی ئەو هێرشانەی لە خاکی عێراقەوە کراونەتە سەر چەند پێگەیەکی سعودیە.
سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند، چاوەڕێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانن لەبارەی ئەو هێرشانە و حکومەت دەستی کردووە بە لێپێچینەوە لەو فەرماندە و بەرپرسە ئەمنییانەی کەمتەرخەم بوون، هەر لایەنێک بسەلمێت کە دەستی لەو هێرشانەدا هەبووە، رووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی دەبێتەوە ئەگەر "هەر لایەنێک لە پشتیەوە بێت".
نووری مالیکی رایگەیاند، عێراق پەرۆشە بۆ ئەوەی پەیوەندیی باش و هاوسەنگی لەگەڵ سەرجەم وڵاتان هەبێت، هەموو هەڵسوکەوتێکیش رەتدەکاتەوە، کە زیان بە ئاسایش و وڵاتانی دراوسێ و پەیوەندییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانی عێراق بگەیێنێت.




