انتقل إلى المحتوى
krd24.netkrd24.net

گرووپە چەکدارەکان مەرج بۆ رادەستکردنی چەک دادەنێن؛ نووجەبا: کرداری روون و راشکاومان دەبێت

گرووپە چەکدارەکان مەرج بۆ رادەستکردنی چەک دادەنێن؛ نووجەبا: کرداری روون و راشکاومان دەبێت

دیجیتاڵ

هاوکات لەگەڵ چڕبوونەوەی هەوڵەکانی حکومەتی عێراق بۆ رێکخستنەوە و رادەستکردنی چەکی گرووپە چەکدارەکان، بەرەی "موقاوەمەی ئیسلامی"مەرج بۆ ئەو هەنگاوە دادەنێت و جێگری ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی نووجەبا دەڵێت، ئەگەر گوشاریان بۆ بهێنرێت، "کرداری روون و راشکاویان"دەبێت. جووڵە سیاسییەکان لە عێراق چڕبوونەتەوە و پرسی رادەستکردن و رێکخستنەوەی چەکی گرووپە چەکدارەکان بووەتە تەوەری سەرەکیی گفتوگۆی نێوان سەرکردە سیاسییەکان. حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی، هەوڵەکانی لەگەڵ "بەرەی موقاوەمەی ئیسلامی"لە رێگەی گفتوگۆی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆوە چڕکردووەتەوە و دەیەوێت تاوەکو 30ی ئەیلوول، ژمارەی ئەو گرووپانە زیاد بکات کە چەکەکانیان رادەست دەکەن.

بەڵام "بەرەی موقاوەمەی ئیسلامی"کە لە چەند گرووپێکی چەکداری شیعە پێکدێت، هێشتا نەچووەتە ژێر باری رادەستکردنی چەکەکانی بە دەوڵەت.

حوسێن مووسەوی، جێگری ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی نووجەبا، بەی رایگەیاند: "رادەستکردنی چەک واتە ئێمە گوێڕایەڵ و زەلیل دەکات لەبەرامبەر ئیرادەی ئەمریکا، ئەمەش نابێت رووبدات، مەگەر تەنیا ئەو کاتەی ئیرادەی راستەقینەی عێراقی بێتەدی."

مووسەوی گوتیشی، هاتنەدیی ئیرادەی راستەقینەی عێراقی "بە دەرچوونی هێزە داگیرکەرەکانی ئەمریکا دێتەدی. دەبێت بڕیاری عێراقی لەڕووی سیاسی و ئابووری و هەموو بوارەکانی دیکەشەوە سەربەخۆ بێت."

جێگری ئەمینداری گشتیی نووجەبا هەڕەشەی ئەوەی کرد کە "دەستەوەستان نابین، بەڵکو کرداری روون و راشکاومان لێ دەبینن لە داهاتوودا. کاتێکیش ئەو رێکارانە دەگرینەبەر، لە هیچ کەس و لایەنێک ناترسین و سڵ ناکەینەوە."

 پەرلەمانتارێکی عێراقی پێیوایە چارەسەری ئەو پرسە بە دەستی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەکانە.

بورهان مەعمووری، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەی گوت: "سەروەریی یاسا و دەوڵەت پێویستیی سەرەکیی ئەمڕۆیە. بەڕای منیش ئەو سەروەرییە بەدەستی سەرکردە باڵاکانی حکومەت و چوارچێوەی هەماهەنگییە. بابەتەکە پەیوەستە بەوانەوە، چونکە ئێستا ئەوان خۆیان خاوەنی حکومەت و حەشدی شەعبی و تەنانەت گرووپەکانی فەسائیلیشن، بۆیە بڕیارەکە لای خۆیانە."

"بەرەی موقاوەمەی ئیسلامی"دوو مەرجی سەرەکی بۆ رادەستکردنی چەکەکانیان داناوە: یەکەمیان، پەسەندکردنی یاسای هەیکەلیەتی حەشدی شەعبی لە پەرلەمانی عێراق و دووەمیان، چوونەدەرەوەی تەواوەتیی هێزەکانی ئەمریکا لە وڵات.

لەگەڵ ئەوەشدا، بەگوێرەی زانیارییەکان، ژینگەی سیاسی و پەرلەمانیی ئێستای عێراق بۆ تێپەڕاندنی یاسایەکی لەو شێوەیە ئامادە نییە، ئەمەش پرسی رادەستکردنی چەکی گرووپە چەکدارەکانی ئاڵۆزتر کردووە.

 

 

المصدر: krd24.netعبر: رووداو

أخبار ذات صلة