انتقل إلى المحتوى
krd24.netkrd24.net

گەشتوگوزاری ئامێدی: رێگە نادەین زمانی کوردی لە هیچ هۆتێلێک پشتگوێ بخرێت

گەشتوگوزاری ئامێدی: رێگە نادەین زمانی کوردی لە هیچ هۆتێلێک پشتگوێ بخرێت

دیجیتاڵ

دوای ئەوەی گەشتیارێک نیگەرانیی خۆی لە نەبوونی زمانی کوردی لە لیستی خواردنی هۆتێلێکی قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆک دەربڕی، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری قەزاکە روونکردنەوە دەدات و دەڵێت، بەپێی رێنماییەکان دەبێت کوردی زمانی یەکەم بێت؛ ئاماژە بەوەش دەکات: "100٪ـی کارمەندانی شوێنە گەشتیارییەکانمان خۆماڵین."

گەشتیارێکی خەڵکی هەولێر لەرێگەی رادیۆیەوە گلەیی لە هۆتێلێک لە سنووری قەزای ئامێدی کرد و گوتی: "لیستی خواردن و تەواوی خزمەتگوزارییەکانی هۆتێلەکە بە زمانەکانی عەرەبی، تورکی و ئینگلیزی نووسراون و زمانی کوردی تێدا نییە."

ئەو گەشتیارە ئاماژەی بەوەش کرد، کاتێک لە بەڕێوەبەری هۆتێلەکەی پرسیوە بۆچی کوردی تێدا نییە، لە وەڵامدا پێی گوتووە: "ئەگەر بە دڵت نییە، دەتوانیت بچیتە هۆتێلێکی دیکە."

بۆ بەدواداچوونی ئەم بابەتە، رادیۆی پەیوەندی بە حەمید محەممەد ساڵح، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری ئامێدییەوە کرد و رایگەیاند: "لە سنووری ئامێدی نزیکەی 230 شوێنی گەشتیاری هەن، لەناویاندا 27 هۆتێل و مۆتێل هەن. لە ساڵی 2016ـەوە رێنماییمان داوەتە سەرجەم شوێنەکان کە دەبێت لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکاندا زمانی کوردی زمانی یەکەم بێت و هیچ شوێنێک مافی نییە کوردی پشتگوێ بخات."

سەبارەت بە دۆخی ئەو هۆتێلەش، حەمید محەممەد ساڵح گوتی: "هۆتێلەکە نوێیە و سەردانمان کردوون. ئەوان لیستی خواردنیان بە زمانی کوردیش ئامادە کردووە، بەڵام هێشتا لە چاپخانەیە و چاپ نەکراوە، ئەگینا رێگە نادەین زمانی کوردی لە لیستی خزمەتگوزارییەکانیاندا نەبێت."

بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری ئامێدی لەبارەی ستاف و کارمەندانیشەوە جەختی لەوە کردەوە کە سەرجەم کارمەندەکانی ئەو هۆتێلە خەڵکی ناوچەکەن و تەنیا بەڕێوەبەرەکەی لوبنانییە؛ گوتیشی: "لە تەواوی هۆتێل و مۆتێلەکانی دیکەی سنووری ئامێدی، 100٪ـی کارمەندەکان خۆماڵی و خەڵکی ناوچەکەن."

المصدر: krd24.netعبر: رووداو

أخبار ذات صلة