دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ئاهەنگی خولی حەوتەمی دەرچووانی زانکۆی ئەمریکی-کوردستان لە دهۆک بەشداری کرد و لە گوتارێکدا پیرۆزبایی لە دەرچووان، مامۆستایان و کەسوکاری خوێندکارانی زانکۆکە کرد.
گوتیشی زۆر شت بۆ وڵات کراوە، بەڵام کوردستانێکی بێ کەموکوڕی رادەستی نەوەی داهاتوو ناکرێ، بەڵکو ئەزموونەکە بە هەموو باشی و خراپییەکانییەوە دەدرێتە دەست نەوەی داهاتوو.
نێچیرڤان بارزانی لە گوتارەکەیدا باسی لە گرنگی رەخنەی بەرپرسیارانە گرت و گوتی "رەخنەی بەرپرسیارانە کوردستان پێش دەخات."ئاماژەی بەوەشکرد، "وڵاتی بەهێز ئەوەیە کەموکوڕیی خۆی ببینێت و راستیان بکاتەوە"
دەقی گوتارەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان:
ده‌رچووانى ئازيز و كه‌سوكارى به‌ڕێزيان سەرۆک و مامۆستایانی زانکۆی ئەمه‌ریکی لە کوردستان، ئامادەبووانی به‌ڕێز،
زۆر خۆشحاڵم کە ئەم ئێواره‌يه لەگەڵتانم تا پێکەوە بەشداری لە خۆشی و ڕێوڕه‌سمى ده‌رچوونى خولى حه‌وته‌مى زانكۆى ئه‌مه‌ريكى له كوردستان و (122) گه‌نجى هه‌رێمى كوردستان، عێراق و ناوچه‌كه بكه‌ين.
لە دڵەوە پیرۆزبایی لە ئێوە، لە خێزانەکانتان، لە مامۆستایانتان و لە هەموو ئەوانە دەکەم کە پشتيوانتان بوون تا گەیشتنە ئەمڕۆ و چه‌ندين به‌شى گرنگى زانكۆتان ته‌واو كرد.
دەرچوون کۆتاییی فێربوون نییە، بەڵکوو سەرەتای قۆناغێکە کە تيایدا بەرپرسیاریەتیتان بەرامبەر بە هەڵبژاردەکانتان و بەرامبەر بە جێپه‌نجه و کاریگەریتان له‌سه‌ر کۆمەڵگە و وڵاتەکەتان، زیاتر و گه‌وره‌تر دەبێت. بۆيه ئه‌م ئێواره‌يه ده‌مه‌وێ هه‌ندێك باسى ئه‌و بهرپرسياريهتييهتان بۆ بكه‌م.
نەوەی ئێمە بە قۆناغی زۆر سەخت و دژواری مێژووی کوردستاندا تێپەڕی. لەبەردەم بەرپرسیاریەتیی پاراستن، بنیاتنانەوە، جێگیرکردنی دامەزراوەکان و کردنەوەی دەرگاکانی وڵات‌دا بووین به‌ڕووى ناوچەکە و جیهاندا. زۆر دەستکەوتی مەزن بەدی هاتوون کە مایەی شانازیی هەموومانن، بەڵام زۆر شتيش ماوه كه ئه‌ركى ئێوه و نه‌وه‌ى داهاتووه ئه‌نجامى بده‌ن.
وڵاتی بەهێز، ئەو وڵاتە نییە کە هەڵە ناکات. وڵاتی بەهێز ئەوهيە کە دەتوانێت هەڵەکانی خۆی ببینێت، گفتوگۆیان لەسەر بکات، لێیانەوە فێر بێت و ڕاستيان بكاته‌وه و به‌ره‌و داهاتوو هه‌نگاو بنێت.
په‌يامى زانکۆ ئه‌وه نييه كه تەنیا فێرتان بکات چۆن وەڵامی پرسیارەکان بدەنەوە. بەڵکوو فێرتان ده‌کات چۆن بەدوای ڕاستیدا بگەڕێن و شته‌كان باشتر بكه‌ن. وا بكات بە عەقڵی خۆتان بیر بکەنەوە. پرسیار بکەن، بەدواداچوون بکەن و بە بەرپرسیاریەتییەوە بۆ چاككردن و باشتركردن، ڕەخنە بگرن. چونکە ڕەخنەی بەرپرسانە، کوردستان لاواز ناکات، به‌ڵكوو پێشيدهخات.
ده‌رچووانى خۆشەویست،
دڵسۆزيی ڕاسته‌قينه بۆ نیشتمانه‌كه‌مان، ڕێزگرتن له خوێنى شه‌هيدان و له خه‌بات و تێكۆشانى ئه‌و پێشمه‌رگه قاره‌مانانه‌ى ئێمه‌يان گه‌ياندووه‌ته ئه‌مڕۆ، ڕێزگرتن له‌وه‌ى تا ئێستا بنيات نراوه، تەنیا بە پاراستن و هێشتنەوەی وەک خۆی نابێت، بەڵکوو بەوە ڕێزی لێ ده‌گيرێت کە باشتری بکەن. دڵسۆزیی ڕاستەقینە ئەوەیە کە دەستکەوتە باشەکان بپارێزین و ئه‌وانه‌ى تر باشتر بكه‌ين.
ڕێزگرتن له خه‌باتى نه‌وه‌ى پێشوو، ئه‌وه نييه كه ئێوە تەنیا کۆپیی نه‌وه‌ى پێشوو بكه‌ن. بەرپرسیاریەتیی ئێوە ئەوەیە ئەو شتانە ببینن کە ئێمە نەمانبینیون، ئەو چارەسەرانە بدۆزنەوە کە ئێمە نەماندۆزیونەتەوە و ئەو شتانە بنیات بنێن کە ئێمە نەمانتوانیوە بنیاتیان بنێین. ئەمەش لە جیهانێکدا کە زۆر خێرا دەگۆڕێت، زۆر بنەڕەتییە.
ته‌كنه‌لۆژياى پێشكه‌وتوو و ژیریی دەستکرد شێوازی فێرکردن، کارکردن، ئابووری، پزیشکی و زۆر بابەتی تر دەگۆڕێت کە ئەمڕۆ پێشبینییان ناکەین. ئێمە نابێت تەنیا بەکاربەری ئەم پێشكه‌وتنه ته‌كنه‌لۆژييه بین، بەڵکوو دەبێت بە زانست، توێژینەوە و داهێنان بەشداریی تێدا بکەین.
بۆيه ته‌كنه‌لۆژيا و ژیریی دەستکرد بەکار بهێنن و پەرەی پێ بدەن، بەڵام ئەو پرسانەی ڕادەست مەکەن کە دەبێت تەنیا وەک بەرپرسیاریەتیی مرۆڤ بمێننەوە: ویژدان، بڕیاردانی ئەخلاقی و هەڵگرتنی بەرپرسیاریەتیی بڕیارەکان. ئەم بەهایانە کارامەیییەک نین بدرێنە دەست ئامێر، بەڵکوو کرۆکى مرۆڤایەتیی ئێوەن.
دەرچووانی هێژا،
تەکنەلۆژیا هەرچەندە پێش بکەوێت، هەندێک بەها هەن قەت ناگۆڕێن: وه‌ك ئه‌وانه‌ى كه ده‌بێ دەستپاک بن، دڵسۆز بن بۆ بەرپرسیاریەتییەکانتان و زانستەکەتان بکەنە خزمەت و سوود بۆ خەڵک و وڵاته‌كه‌تان و بۆ بره‌ودان به فره‌يى و پێكه‌وه‌ژيان و ئاشتى له وڵاته‌كه‌ماندا.
سامانی ڕاستەقینە لە هزری ئێوەدایە نەک له ژێر زەوی. سەرکەوتنی کەسی گرنگە، بەڵام کاتێک بەهای گەورەتر دەبێت کە بگۆڕێت بۆ مەعریفە، بۆ پرۆژە، یان چارەسەرکردنی کێشەیەکى کۆمەڵگەکەتان. سەرکردە بن، نەک بە پۆست و ناونیشان، بەڵکوو بە بەرپرسیاریەتی و پێشەنگبوون لە کردەوەدا.
ئێمه ده‌ڕۆين و سبه‌ى ئێوه دێن، بێگومان زۆر شت له‌م وڵاته كراوه، به‌ڵام ئێمە کوردستانێکی کامڵ و تەواوکراوتان ڕادەست ناکەین. ئەوەی ڕادەستی ئێوەی دەکەین، ئەو بەشەیە کە نەوەی ئێمە توانیویەتی بنیاتی بنێت، بە سەرکەوتن و کەموکوڕییەکانییەوە ڕاده‌ستى نه‌وه‌ى دواى خۆى ده‌كات.
لەبەر ئەوە، دەستکەوتی نەوەی ئێمە مەکەنە سنووری خەون و ئاواتی نەوەی خۆتان. مەعریفە بەرهەم بهێنن، پرۆژە و کاری نوێ بنیات بنێن، تەکنەلۆژیا پەرە پێ بدەن و ژینگە بپارێزن، پابەندی كات و ڕەوشتی کار بن، تا پێکەوە کوردستان ببەینە قۆناغی بەرهەمهێنان و داهێنان و پێشبڕکێی جیهانی.
لە هەمان کاتدا، شتێکیش بپارێزن کە ڕەنگە کەمتر دیار بێت، كه‌چى کاریگەرییەکەی هەمیشەیییە:
مافی خۆتان لە پرسیارکردن، جیاوازیی بیروڕا و ڕەخنەگرتن، لەگەڵ پاراستنى مافی ئەو کەسەی له تهنيشتتان وه‌ستاوه له‌وه‌ى پێتان بڵێت ڕەنگە ئێوە به هەڵەدا چووبن و ئه‌و بۆچوونه‌تان دروست نه‌بێت.
ئێمە دەمانەوێت کوردستانێک بنیات بنێن کە تيایدا هەر نەوەیەک بتوانێت دوورتر لە نەوەی پێش خۆی بڕوانێت و بۆ ئەوانەی دوای خۆیشی دێن، وڵاتەکە باشتر لەوەی کە وەریگرتووە جێ بهێڵێت. ئەمە بەرپرسیاریەتیی ئێوەیە، ئەمەش متمانەی پتەوی ئێمەیە بە ئێوە.
جارێکی تر پڕ به دڵ پیرۆزبایی لە ئێوە، له هه‌موو گه‌نجانى ده‌رچووى كوردستان و لە خێزانەکانتان، لە مامۆستایانتان و لە زانکۆکەتان دەکەم.
ده‌مه‌وێ پيرۆزبايى و ده‌ستخۆشييه‌كى گه‌رم له براى خۆشه‌ويستم به‌ڕێز مه‌سروور بارزانى و ديدگاى بۆ دامه‌زراندنى ئه‌م زانكۆيه بكه‌م كه ئه‌مڕۆ دهيبينن و پێشكهوتنهكهى مايه‌ى ڕێز و پێزانينێكى زۆره. هیوای داهاتوويهكى پڕ لە سەرکەوتن و به‌خششتان بۆ دەخوازم.
هه‌موو لايه‌كتان جارێكى تر به خێر بێن سه‌ر چاو و زۆر سوپاس.




