انتقل إلى المحتوى
krd24.netkrd24.net

14 ساڵە کێشەی بەڵێندەرێک و خاوەن کۆمپانیایەک لەسەر پڕۆژەیەکی هەڵەبجە بەردەوامە

14 ساڵە کێشەی بەڵێندەرێک و خاوەن کۆمپانیایەک لەسەر پڕۆژەیەکی هەڵەبجە بەردەوامە

- دیجیتاڵ پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری لە هەڵەبجە کە 14 ساڵ لەمەوبەر وەک دیاریی سەرۆک مەسعود بارزانی بۆ شارەکە دەستیپێکرد، بووەتە هۆی ململانێیەکی درێژخایەن لەنێوان بەڵێندەرێکی لاوەکی و کۆمپانیای جێبەجێکاردا. بەڵێندەرەکە دەڵێت 680 ملیۆن دیناری پێنەدراوە و خاوەن کۆمپانیاش ئەوە رەتدەکاتەوە و دەڵێت "بە زیادەوە پارەی وەرگرتووە". بەهۆی ئەم کێشەیەوە، تاوەکو ئێستا پڕۆژەکە وەرگرتنی کۆتایی بۆ نەکراوە. قادر ئەحمەد، ئەو بەڵێندەرەی کە وەک بەڵێندەری دووەم کاری لە پڕۆژەی دروستکردنی تۆڕی ئاو، ئاوەڕۆ و قیرکردنی شەقامەکانی گەڕەکی دەروازەی هەڵەبجە کردووە، دەڵێت ماوەی 14 ساڵە بەدوای وەرگرتنی شایستە داراییەکانییەوەیەتی.

قادر ئەحمەد، لە بەرنامەی (بەرپرسیار)ـی کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، گوتی: "لە ساڵی 2009 گرێبەستم لەگەڵ کۆمپانیای جێبەجێکار کرد بۆ دابینکردنی کۆنکرێت و لە 2011 کارەکانم تەواو کرد. بەڵام لە دوا قۆناخدا خاوەنی کۆمپانیاکە خۆی ون کرد و 680 ملیۆن دیناری پێنەدام، لە کاتێکدا ئەو سەردەمە قەیرانی دارایی لە ئارادا نەبوو".

قادر ئەحمەد ئاماژە بەوە دەکات کە گرێبەستەکەی لە هیچ شوێنێکی فەرمی راستاندنی بۆ نەکراوە، ئەمەش کێشەی بۆ دروستکردووە لە دادگە. ئەو دەڵێت: "کاتێک سکاڵام تۆمارکرد، خاوەن کۆمپانیاکە لە دادگە فێڵی لێکردم و چەند 'سکاڵاکارێکی نادیار'ی دروستکرد. چەکی پارەی بە ناوی ئەوانەوە دەرکرد کە هیچ پەیوەندییەکیان بە پڕۆژەکەوە نەبوو، تەنیا بۆ ئەوەی من و خاوەن مافە راستەقینەکان پارە وەرنەگرین. بۆیە دادگەش تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێکی لەسەر کەیسەکەم نەداوە".

عەبدولوەهاب حوسێن، خاوەنی کۆمپانیای جێبەجێکار، تەواوی گوتەکانی قادر ئەحمەدی لە (بەرپرسیار) رەتکردنەوە و گوتی، ئەو بەڵێندەرە بە زیادەوە پارەی خۆی وەرگرتووە. بۆ کارێک کە بەهای 210 ملیۆن دینار بوو، من 260 ملیۆن دینارم بۆ خەرجکردووە و لە دوایین گوژمەشدا 50 ملیۆن دیناری زیادەم پێداوە. بەڵگەم هەیە کە تەواوی پارەکەی وەرگرتووە". 

خاوەن کۆمپانیاکە گلەیی لە شێوازی کارکردنی ئەو بەڵێندەرە دەکات و دەڵێت: "بە مانگ کارەکەی جێدەهێشت و بەهۆی دواکەوتنی کارەوە تووشی کێشەی زۆری کردووین".

ئەندازیار شاپوور غەفار، کە سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە بووە، پشتڕاستی دەکاتەوە کە قادر ئەحمەد یەکێک بووە لەو دوو بەڵێندەرەی لە پڕۆژەکەدا پارەی تەواویان وەرنەگرتووە. شاپوور غەفار لە (بەرپرسیار) گوتی: "پڕۆژەکە بە بودجەی 3.3 ملیار دینار لە ساڵی 2008 دەستیپێکرد و 97٪ـی کارەکانی تەواو بووە. قادر بە جددی کاری دەکرد و چەندین جار گلەیی نەدانی پارەی لەلام کردووە، بەڵام دانی پارەکە پەیوەندیی بە کۆمپانیا و بەڵێندەرەکەوە هەیە".

پڕۆژەکە دوای 14 ساڵ هێشتا وەرگرتنی کۆتایی بۆ نەکراوە. ئالان کوێخا کەریم، سەرۆکی لقی سلێمانیی یەکێتیی بەڵێندەران، لەمبارەیەوە لە (بەرپرسیار) گوتی: "چونکە پڕۆژەکە وەرگرتنی کۆتایی بۆ نەکراوە، کۆمپانیاکە هێشتا بەرپرسە لە هەر کەموکوڕییەک. گرێبەستەکەی قادر ئەحمەدیش لای ئێمە و لە دادنووس راستاندنی بۆ نەکراوە، بۆیە دەبێت لە رێگەی دادگەوە بەدوای مافی خۆیدا بگەڕێت".

المصدر: krd24.netعبر: رووداو

أخبار ذات صلة