- هەولێر
خێزانێکی شەهید لە شاری هەولێر دەڵێن، سەرەڕای ئەوەی نزیکەی ساڵێکە تەواوی قیستەکانی کڕینی ئۆتۆمبێلێکیان داوەتەوە، بەڵام بانکی ئاشووری نێودەوڵەتی بۆ وەبەرهێنان رەهنی سەر تاپۆی خانووەکەیان لانابات، بەمەش ناتوانن هیچ مامەڵەیەک بە خانووەکەیان بکەن. بەهار ناسر، کە ئەندامی ئەو خێزانەیە، بە رادیۆیی راگەیاند، براکەی (حەسەن ناسر کانەبی) زیاتر لە دوو ساڵ پێش ئێستا ئۆتۆمبێلێکی بە قیست کڕیوە، بۆ ئەو مەبەستەش خانووی دایکیان (بەسێ ئیسماعیل مستەفا)، کە خێزانی شەهیدە، وەک بارمتە و رەهن لە بەڕێوەبەریی تۆماری خانووبەرە دانرابوو.
بەگوتەی حەسەن، نزیکەی ساڵێکە تەواوی قیستەکانیان بڕیوە و تەنانەت لە دوایین مامەڵەشدا 2,500 دۆلاری زیادەیان واسڵ کردووە، بەڵام بانکەکە هەر جارە و بیانوویەکیان پێدەدات و رەهنی سەر خانووەکە لانابات، لە کاتێکدا خانووەکەیان فرۆشتووە و ئێستا تووشی گرفت بوون.
مەسعود محێدین، پارێزەری بریکاردار حەسەن ناسر، بە رادیۆیی راگەیاند، چوار مانگە بەدوای ئەم کەیسەوەیە و گوتی: "لە نووسراوی ئاڵوگۆڕکراوی نێوان لقی هەولێری بانکی ئاشوور و بەڕێوەبەریی تۆماری خانووبەرەی دووی هەولێردا، ناوی نوێنەر یاخود بریکاری یاسایی و رێگەپێدراوی بانکەکە ئاماژەی پێ نەکراوە، بەوهۆیەوە فەرمانگەی تاپۆ داوا دەکات بە نووسراو نوێنەری یاسایی دیاری بکەن تاوەکو رەهنەکە هەڵبگیرێت."
پارێزەری کەیسەکە ئەوەشی خستەڕوو، کاتێک سەردانی لقی هەولێری بانک دەکەن، پێیان دەڵێن دەبێت نوێنەری یاسایی لە بەغداوە دیاری بکرێت، لە کاتێکدا نووسراوی سەرەتایی رەهنەکە لە لقی هەولێرەوە دەرچووە.
رادیۆی بۆ وەرگرتنی روونکردنەوە پەیوەندی بە لقی هەولێری بانکی ئاشوورەوە کرد، بەڵام بەرپرسان و نوێنەرانی بانکەکە ئامادە نەبوون هیچ لێدوانێک لەبارەی گرفتەکەوە بدەن.




