انتقل إلى المحتوى
krd24.netkrd24.net

تەرمی کەسێکی بیانی لە شاخەکانی پیرانشار دۆزرایەوە

تەرمی کەسێکی بیانی لە شاخەکانی پیرانشار دۆزرایەوە

دیجیتاڵ

لە ناوچە شاخاوییەکانی سنووری پیرانشار لە رۆژهەڵاتی کوردستان، تەرمی کەسێکی بیانی بە شێواوی دۆزرایەوە کە بە گوتەی بەرپرسانی تەندروستی، زیاتر لە 10 رۆژە گیانی لەدەستداوە و پێدەچێت لە شاخ بەربووبێتەوە.

ئیبراهیم عەزیزنەژاد، بەرپرسی ناوەندی فریاکەوتنی پیرانشار، ئەمڕۆ دووشەممە، 28ـی ئەیلوولی 2026 رایگەیاند: "تەرمەکە لە ناوچەی شاخاویی 'قزقەپان' دۆزراوەتەوە. بە لەبەرچاوگرتنی سەختی و ناهەمواریی شوێنەکە، پێشبینی دەکرێت لە کاتی پەڕینەوەدا هەڵدێرابێتە خوارەوە و بەو هۆیەوە گیانی لەدەستدابێت."

بەرپرسی ناوەندی فریاکەوتنی پیرانشار ئاماژەی بەوە کرد، هیچ بەڵگەنامە و ناسنامەیەک لەگەڵ تەرمەکەدا نەبووە و گوتیشی: "بەهۆی ئەوەی زیاتر لە 10 رۆژ بەسەر گیانلەدەستدانیدا تێپەڕیوە و تەرمەکەی شێواوە، نەتوانراوە بناسرێتەوە، بۆیە دیاریکردنی ناسنامە و هۆکاری سەرەکیی مردنەکەی پێویستی بە پشکنینی وردی دادپزیشکی هەیە."

بە گوتەی عەزیزنەژاد، تەرمەکە لەلایەن تیمەکانی شارەوانییەوە براوەتە ساردخانەی نەخۆشخانەی پیرانشار و دواتریش رەوانەی پەیمانگەی پزیشکیی داد کراوە، هەر کاتێک ئەنجامەکان یەکلایی بوونەوە، زانیاریی زیاتر لەسەر ناسنامەکەی بڵاودەکەنەوە.

شاری پیرانشار کە سەر بە پارێزگای ورمێیە، دەکەوێتە سەر هێڵی سنووریی نێوان رۆژهەڵات و باشووری کوردستان؛ بەهۆی هەڵکەوتە شاخاوییەکەیەوە، ساڵانەی بەربوونەوە و گیانلەدەستدانی کۆڵبەران و پەنابەران لەو ناوچەیەدا روودەدات.

 

 

المصدر: krd24.net — عبر: رووداو

أخبار ذات صلة