دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پارێزگای ورمێ دەڵێ، لە سەرەتای وەرزی دروێنەوە تەنیا 30%ی پارەی گەنمی جووتیارانی پارێزگاکە خەرج کراوە و حکومەت 70%ی دیکەی پارەکە قەرزدارە.
بەگوتەی بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ورمێ، ئەم ساڵ 72 ناوەندی تایبەت بە وەرگرتنی گەنم لە سەرتاسەری پارێزگاکە کراونەتەوە و تاوەکو ئێستا 39 هەزار و 625 جووتیار گەنمەکەیان رادەستی ئەو ناوەندانە کردووە.
ئەسغەری ئاماژەی بەوەشکرد، تاوەکو ئێستا زۆرترین بڕی گەنم لە بۆکان وەرگیراوە، کە گەیشتووەتە 80 هەزار تۆن و شارەکانی ورمێ، میاندواو، سەڵماس و مهاباد بە پلەی دووەم تاوەکو پێنجەم دێن.
سەبارەت بە شایستە داراییەکانی جووتیاران، محەممەد رەزا ئەسغەری گوتی، تاوەکو ئێستا 30%ـی پارەی ئەو گەنمەی وەرگیراوە خەرجکراوە و بەمزووانەش بەشێکی دیکەی پارەکە خەرج دەکرێ.
حکومەتی ئێران بۆ ئەم ساڵ نرخی هەر کیلۆگرامێک گەنمی بە 49 هەزار و 500 تمەن (ئێستا دەکاتە نزیکەی 21 سەنت) دیاریکرد بۆ ئەوەی لە جووتیارانی بکڕێت.
ئەم ساڵ لە سنووری پارێزگای ورمێ لە رووبەرێکی زیاتر لە 406 هەزار هێکتار زەوی گەنم چێندرا و بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی پارێزگاکە پێشبینی دەکات بەرهەمەکەی بگاتە زیاتر لە 900 هەزار تۆن.




