دیجیتاڵ
بڕیارە هەفتەی داهاتوو شاندێکی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات، ئەوەش بە مەبەستی تەواوکردنی رێکارەکانی تایبەت بە پرسی مووچەی زیندانییانی سیاسی لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵ.
رۆژی سێشەممە، 22ـی ئەیلوولی 2026 ئەحمەد مام رەسوول، بەڕێوەبەری گشتیی خزمەتگوزاریی کاروباری زیندانیانی سیاسی لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان بە تۆڕی میدیاییی راگەیاند: "هەفتەی داهاتوو شاندێکی وەزارەتمان بە سەرپەرشتیی عەبدوڵڵای حاجی مەحموود، وەزیری کاروباری شەهیدان دەچێتە بەغدا بۆ بابەتی مووچەی زیندانیانی سیاسی. بڕیار بوو ئەم هەفتەیە بڕۆن، بەڵام بەهۆی سەردانەکەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دواکەوت بۆ هەفتەی داهاتوو."
سەبارەت بە قۆناخی رێکارە یاسایی و کارگێڕییەکان، بەڕێوەبەری گشتیی خزمەتگوزاریی کاروباری زیندانیانی سیاسی گوتی: "هەموو رێکارەکانی هاوتاکردنی مووچەی زیندانیانی سیاسی لە کوردستان تەواو کراون. چەند مانگێکە لەگەڵ بەغدا لە گفتوگۆداین و ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانیش رەزامەندی دەربڕیوە کە بڕۆینەوە بەغدا".
بە گوتەی ئەحمەد مام رەسوول، سەردانەکە بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵە و گوتی:"بۆ درێژەدان بە رێکارەکانە، تاوەکو لە بودجەی ساڵی داهاتوودا جێگری بکرێن".
ئامانج لەم هەنگاو و سەردانەی شاندی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە تەواوی شایستە داراییەکانی کەسوکاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی لە بودجەی ساڵی 2027دا دەستەبەر بکرێن و مافە یاساییەکانیان هاوشێوەی هاوتاکانیان لە حکومەتی فیدراڵ لێ بکرێ.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی شەهیدان، 25 هەزار و 868 زیندانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان هەن کە هەموویان سوودمەند دەبن؛ هەروەها 36 هەزار و 602 شەهیدی سەنگەر، 11 هەزار و 275 شەهیدی جینۆساید و 20 هەزار و 489 شەهیدی هاووڵاتی هەن.




