دیجیتاڵ
ئیلهام ئەحمەد دەڵێ، بڕیارەکەی وەزارەتی پەروەردەی سووریا بۆ رێگەدان بە خوێندنی بەشێک لە وانەکان بە زمانی کوردی هەنگاوێکی سەرەتایی باشە، بەڵام لە ئاست داخوازییەکانیاندا نییە و دەبێت خوێندن بە زمانی دایک لە دەستووری نوێدا بچەسپێندرێ.
ئیلهام ئەحمەد کە پێشتر هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر بوو، رایگەیاند، نابێت خوێندن بە زمانی کوردی تەنیا بە بڕیارێکی وەزاری بمێنێتەوە، بەڵکو "دەبێت مافی خوێندن بە زمانی کوردی لە دەستووری نوێی وڵات بە فەرمی دەستەبەر بکرێ."
"کێشەی مامۆستای پسپۆڕ و زانکۆمان هەیە" لە بەرامبەر ناڕەزایەتییەکان بەرامبەر پرۆگرامە نوێیەکە، محەممەد عەبدولڕەحمان ترکۆ، وەزیری پەروەردەی سووریا رۆژی دووشەممە، لە پەرلەمانی وڵاتەکەی باسی لە ئاڵنگارییەکان کرد و گوتی، "بە راشکاوی، وەرگێڕانی تەواوی پرۆگرامی خوێندن بۆ سەر زمانی کوردی زۆر سەختە. یەکەم، بەهۆی دابینکردنی مامۆستای پسپۆڕ بۆ هەموو وانە جیاوازەکان. دووەمیش ئەوەیە ئەو قوتابییە لە داهاتوودا چۆن دەتوانێت لە زانکۆ بەردەوامی بە خوێندنەکەی بدات بە زمانی عەرەبی؟"
بەپێی بڕیارەکەی وەزارەتی پەروەردەی سووریا، وانەکانی جوگرافیا، مێژوو، کۆمەڵایەتی و فەلسەفە رێگەیان پێدراوە بە کوردی بخوێندرێن، لە کاتێکدا وانە زانستییەکان و بیرکاری بە زمانی عەرەبی دەبن و وانەی زمانی کوردیش تەنیا بۆ سێ بەشەوانە لە هەفتەیەکدا سنووردار کراوە.
داواکاریی مامۆستایان بۆ دانانی قۆناخی راگوزەر محەممەد ئەحمەد، مامۆستایەکی خەڵکی رۆژئاوای کوردستانە و هۆشداری دەدات لەوەی گۆڕینی لەناکاوی زمانی پرۆگرامەکە کێشەی گەورە بۆ ئەو قوتابییانە دروست دەکات کە لە ساڵی 2012ـەوە تەنیا بە زمانی کوردی خوێندوویانە.
ئەو مامۆستایە گوتی: "داوا دەکەین قۆناخێکی راگوزەری یەک بۆ دوو ساڵە هەبێت تاوەکو دۆخی ناوچەکە لەبەرچاو بگیرێ و هەنگاوەکان بە نەرمی بڕۆن، بەتایبەت بەهۆی ئەو هەستیارییە زۆرەی لە دەوری پرسی زمانی دایک هەیە."
بڕیارەکەی وەزارەتی پەروەردە لە چەندین ناوچە خۆپێشاندانی قوتابییانی لێکەوتووەتەوە کە داوای پرۆگرامێکی تەواو کوردی دەکەن.
سۆزان عەلی، قوتابییەکی تەمەن 16 ساڵ لە شاری قامیشلۆ گوتی: "من لە سەرەتای خوێندنمەوە تاوەکو پۆلی 11 بە زمانی کوردی خوێندوومە، ئێستاش دەڵێن تەنیا سێ وانە لە هەفتەیەکدا بۆ کوردی دادەنێن. ئەمە بە هیچ جۆرێک قبووڵکراو نییە."
سۆزان هەروەها گوتیشی، "ئێمە ناتوانین وانە زانستییەکان بە زمانی عەرەبی بخوێنین. دەبێت بە زمانی خۆمان بخوێنین، چونکە لە سەرەتاوە بە زمانی کوردی دەستمان پێکردووە و دەبێت تاوەکو زانکۆش بە کوردی بەردەوام بین."




