انتقل إلى المحتوى
krd24.netkrd24.net

مەسرور بارزانی: رۆژانی نۆرەگرتنی درێژ بۆ مووچەی کاش کۆتایی هات

مەسرور بارزانی: رۆژانی نۆرەگرتنی درێژ بۆ مووچەی کاش کۆتایی هات

دیجیتاڵ

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێ، ژمارەی ئەو مووچەخۆرانەی لە رێی پرۆژەی (هەژماری من)ـەوە مووچەکانیان بە شێوەی ئەلیکترۆنی وەردەگرن گەیشتە یەک ملیۆن کەس، بەوەش قۆناخی دابەشکردنی مووچە بە کاش و راوەستانی درێژخایەن کۆتایی هات.

رۆژی سێشەممە، 15ـی ئەیلوولی 2026، مەسرور بارزانی لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "سێ ساڵ لەمەوبەر، بەڵێنمان دا کە لە رێگەی دەستپێشخەریی (هەژماری من)ـەوە دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە شێوازی نەختینەییەوە بگوازینەوە بۆ بانکە مۆڵەتپێدراوەکان. خۆشحاڵم رایدەگەیێنم کە ئەم هەفتەیە یەک ملیۆن هاووڵاتی کە لە لیستی مووچەی حکومەتی هەرێمدان، مووچەکانیان بە شێوەی ئەلیکترۆنی و لە رێی بانکە هاوبەشەکانەوە وەردەگرن کە مۆڵەتپێدراوی بانکی ناوەندیی عێراقن."

مەسرور بارزانی دەستپێشخەریی (هەژماری من)ی وەک بنەمایەکی گرنگ بۆ فراوانکردنی گشتگیریی دارایی ناوبرد و دەڵێ، ئەم پڕۆژەیە "دەستڕاگەیشتن بە قەرز و خزمەتگوزارییە بانکییە مۆدێرنەکان بۆ هاووڵاتییان ئاسان دەکات؛ لە هەمان کاتیشدا ئاسانکاری بۆ حکومەت دەکات تاوەکو پارەدانی ئەلیکترۆنی بۆ خزمەتگوزارییە گشتییەکان بەردەست بکات."

سەبارەت بە کاریگەرییەکانی پڕۆژەکە لەسەر ژیانی مووچەخۆران، سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم هەنگاوە گۆڕانکارییەکی ئەرێنی لە ژیانی یەک ملیۆن هاووڵاتیدا دروستکردووە، سەربەخۆیی دارایی پێبەخشیون و کۆنترۆڵی دارایی داوەتەوە دەست خۆیان، لە کاتێکدا ئێستا دەستیان بە تۆڕێکی فراوانی ئامێرەکانی راکێشانی پارە (ATM) لە سەرانسەری هەرێمی کوردستاندا دەگات کە بەردەوام لە گەشەکردندایە.

مەسرور بارزانی لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا راشیگەیاند: "رۆژانی راوەستانی زۆری هاووڵاتییان لەبەردەم باڵەخانە حکومییەکان و نۆرەی درێژ و چاوەڕوانی بۆ وەرگرتنی پارەی کاش کۆتایی هات."

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی هاووڵاتییانی کرد بۆ پشوودرێژییان، هەروەها دەستخۆشی لە بانکە هاوبەشەکان کرد بۆ پشتگیری و وەبەرهێنانیان لە سێ ساڵی رابردوودا، هاوکات سوپاسی تیمی پڕۆژەی (هەژماری من)یشی کرد بۆ بەجێگەیاندنی ئەم پرۆژە نیشتمانییە.

 پڕۆژەی (هەژماری من) لە ساڵی 2023 لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە راگەیێندرا، بە ئامانجی مۆدێرنکردنی خزمەتگوزارییە بانکییەکان و رێکخستنەوەی سیستمی دارایی لە هەرێمی کوردستان.

المصدر: krd24.netعبر: رووداو

أخبار ذات صلة